لەیلا زانا جارێكی دی رستهیهكی كوردی له سوێندخواردندا گوت

ئانكارا -KDP.info- ئەمڕۆ ئەندام پەرلەمانە تازەکانی تورکیا سوێندی پەرلەمانتارەتییان خوارد؛ لە سەعات 3ـهوه سوێندخواردنەکە دەستی پێکردووە و، هێشتایش بەردەوامە؛ (لەیلا زانا) لە کاتی سوێندخواردنەکەدا، وەکو 24 ساڵ لەمەوبەر لە پرۆتۆکۆڵ دەرچوو و چەند وشەیەکی کوردییشی تێ خست.
لەیلا زانا لە کاتی سوێندخواردندا بە زمانی کوردی گوتی (بە هیوای ئاشتی) و پاشان بە زمانی تورکی سوێندەکەی خوارد. هەروەها وشەیەکی ناو سوێندخوارنەکەشی بەم شێوەیە گۆڕی (لە بەردەم گەلی تورکیای مەزندا) کە دەبوایە بڵێت لەبەردەم (گەلی تورکی مەزندا). بۆیە سوێندخواردنەکەی هەژمار نەکرا و، سەرۆکی پەرلەمان (دەنیز بایکال) داوای لێ کرد سوێند بخواتەوە، بەڵام لەیلا زانا نەیخواردەوە.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوەخۆی تورکیایش هەر ئەندام پەرلەمانێک ئەگەر سوێندی یاسایی نەخوارد یاخود سوێندەکەی هەژمار نەکرا، ناتوانێت درێژە بە پەرلەمانتارەتییەکەی بدات تا ئەوکاتەی بە تەواوەتی سوێند دەخوات، بۆیە ئێستا لەیلا زانا وەکو ئەندام پەرلەمانی تازە نەناسراوە و داوای لێ دەکەن دووبارە سوێند بخواتەوە.
سەرکۆماری تورکیا (ڕەجەب تەیب ئەردۆگان) کە ئەویش بۆ ماوەی سەعاتێک بەشداری لە مهراسیمی سوێندخواردنی یاسایی ئەندام پەرلەمانەکان کرد و لێیان پرسی کارەکەی لەیلا زانات پێ چۆنە؟ ئەو گوتی: "هیچ شتێک لەو ڕووەوە لەمن وەرمەگرن".
وەکو وەبیرهێنانەوەیەک 24 ساڵ لەمەوبەر (ساڵی 1991) لەیلا زانا لە کاتی مەراسیمی سوێندخواردندا ڕستەیەکی کوردیی بە کارهێنا، بەڵام سوێندخواردنەکەی قهبووڵ نەکرا و دووبارە سوێندی یاسایی خواردەوە. بەڵام ئەمڕۆ دووبارە سوێندی نەخواردەوە و، تائێستایش کێشەی سوێندخواردنەکەی چارە نەکراوە.
کارزان گلی




