پهرلهمانتارێكی پارتی لەبەر جووتیارانی ههرێم واژۆ كۆ دهكاتهوه

بهغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دهڵێ، بڕیارە سبەینێ دەست بە کۆکردنەوەی ئیمزا بکەن بۆ ئەوەی هەقی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٤ بکرێتە ماددەیەک لە پرۆژەیاسای بوودجە گشتییەکەی ئەمساڵی عێراق.
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی عێراقی تاوتوێ کرد؛ وەزیری پلاندانان و نەوت و دارایی، هەرسێناەکەیان لەوێ بوون و بۆچوونی حکوومەتیان باس کرد؛ بڕیارە ھەندێک گۆرانکاری لە بوودجەکەدا بکرێت و، تا دوو ڕۆژی دی حکومەت ئەو گۆرانکاریانە ئاشکرا دەکات."
(د. ئەشواق جاف) گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا باسی سێ خاڵم کرد، کە پەیوەندیی بە کوردەوە ھەیە؛ بوودجەی پێشمەرگە، یەکێکیان بوو؛ ڕاستە دەڵێن پێشمەرگە بەشێکە لە وەزارەتی بەرگرتی عێراق، بەڵام لە ٢٠١٥ـدا وەزارەتی بەرگری باسی لەوە کردووە ئەو بوودجەی بۆ ئێمە دێت بە ناوی خۆمانە و، باس لە دابەشکردنی ناکات، بۆیە داوای گەرەنتیمان کرد و، خاڵی دووەم مافە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێم کە تاوەکو ئێستا ھی ساڵی ٢٠١٤یان وەرنەگرتووە و، ئەوانەی ٢٠١٥ش ھەندێکیان وەرنەگرتووە و، لە بوودجەشدا تەنھا باسی ٢٠١٦ کراوە، بۆیە پێویستە چارەنووسی مافە داراییەکانی جووتیاران دیاری بکرێت و، خاڵی سێیەمیش داوامان کرد سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال دابنرێت کە ھێزی پێشمەرگە ئازادی کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی پێویستە مافە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێم بدرێت؛ جا بڕیارە سبەی ئیمزا کۆ بکەینەوە بۆ ئەوەی پێدانی مافە داراییەکانی جووتیارانی ھەرێم بۆ ساڵی ٢٠١٤ بکرێتە بڕگەیەک لە پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراقێ بۆ ساڵی٢٠١٦.
(جاف)راشیگەیاند: "دەنگۆی ئەوەش ھەیە کە پارەی گەنمی جووتیاران کەم بکرێتەوە، بۆیە ئێمە ئیمزا بۆ ئەوەش کۆ دەکەینەوە و، ڕازی نابین بە ھیچ شێوەیەک پارەکە کەم بکرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




