٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینكی پیرۆزبایی له‌ ناوبژیوانێكی نێوده‌وڵه‌تی كرد و كاری په‌یمانگایه‌كی توێژینه‌وه‌یشی به‌رز نرخاند

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌دوو دیداری جیادا پیرۆزبایی له‌ ناوبژیوانی كورد ئازاد عه‌بدولڕه‌حمان كرد و، كاری په‌یمانگای توێژینه‌وه‌ی عێراقی به‌رز نرخاند.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٧/١١/٢٠١٥ دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ئازاد عەبدولڕەحمان کرد.
لە دیدارێکدا کە ژمارەیەک پەرلەمانتار ئامادە بوون جێگری سەرۆکی پەرلەمان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ناوبژیوانی کورد ئازاد ئەبدولڕەحمان کرد کە توانیویەتی بە یەکێک لە باشترین ناوبژیوانەکانی وڵاتانی عەرەب دەستنیشان بکرێ و دوا یاریی کۆتایی نێوان میسر و لوبنان لە پاڵەوانێتی یانەکانی عەرەب لە قاهیرە بۆ یاری باسکە بەڕێوە ببات کە هەموو ناوبژیوانێک بە ئاسانی ناگاتە ئەو ئاستە و، هیوای خواست لەو ئاستە بەرزەی بەردەوام بێ و، گەلی کوردستان شانازی بەو ڕۆڵانەی خۆیەوە دەکات.
ئازاد ئەبدولڕەحمان، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، ئەویش سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو پێشوازییە نیشان دا و دووپاتی کردەوە لە هەوڵەکانیدا بەردەوامە بۆ ئەوەی سەرەرای ئاستەنگەکان لە بەردەم کارەکانیان بەڵام هەمیشە بایەخ بە توانا و کارەکانی خۆی دەدات بۆ ئەوەی ناوی کورد و کوردستان بە بەرزی بهێڵێتەوە.
هەر لەدیدارەکەدا گرنگی دان بە توانا و لێهاتووی ئەو کەسایەتیانەی لە بوارەکانیان سەرکەوتن بەدەست دێنن باسیان لێوە کرا و بە پێویست زانرا لایەنە پەیوەندارەکان ئاوڕی زیاتر لە ئاست و توانای بەرزی تاکەکانی ناو کۆمەڵ بدەنەوە.
لە کۆتایشدا جێگری سەرۆکی پەرلەمان نیشان (ئارم)ـی پەرلەمانی وەک دیارییەک پێشکەشی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی کورد ئازاد عەبدولڕەحمان کرد.
دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ١٧/١١/٢٠١٥ پێشوازییشی لە دکتۆر فالح عەبدولجەبار بەڕێوەبەری پەیمانگەی عێراقییەکەی توێژینەوە کرد.
لە دیدارێکدا کاروباری پەیمانگەی توێژینەوە خرایە بەرباس و ئامانجی سەردانەکە وەک چۆن دکتۆر فالح عەبدولجەبار ئاماژەی پێدا ئێستا ئەوان ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی زانستی لەبارەی مێژووی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراق و بایەخ و گرنگی هۆز و کەسایەتیە کاریگەرەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردستانی و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئایین لەنێو کۆمەڵگە و، لەمبارەیبەوە داوای کرد لەرووی پێدانی زانیاری و داتای پێویست هاوکار و پشتیوانی ئەو پرۆژەیە بکەن کە دەبێتە بنەمایەکی زانستی و، سەرچاوەیەک لەزانکۆکاندا سوودی خۆی دەبێ.
'دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی'ـیش بەخێرهاتنی کرد و، ئەوەی ڕاگەیاند بە داخەوە ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی عێراق بەهۆکاری سیاسی هەمیشە ڕۆڵی کۆمەڵگەی کوردستانیان فەرامۆشکردوەو بایەخیان پێ نەداوە بۆیە ئەم کارەتان بە بەرزی هەڵدەسەنگێنین بۆ ئەوەی زانیاری و داتای دروستتان دەست کەوێ و بە پێی توانا هاوکار و پشتیوان دەبین بۆ سەرخستنی کارەکەتان.

هەواڵی پەیوەندیدار