٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازادكردنی شنگال رۆژێكی مێژووییە بۆ هەموو كوردستان؛ سەرۆك بارزانی شایستەی ستایشێكی گەورەیە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  (پێتەر گالبریس) لەبارەی ئۆپەڕاسیۆنی ڕزگارکردنی شنگالەوە ڕایگەیاند، پێشمەرگە ئۆپەراسیۆنێكی زۆر سەركەوتوویان ئەنجام دا و بە باوەڕی من ئامانجەكانی خۆی پێكاوە كە ژمارەیەكی زۆر كەمی قوربانیشی لێكەوتووەتەوە. بە هەمان شێوە دەڵێم (سەرۆك مەسعوود بارزانی) شایستەی ستایشێكی گەورەیە، چونکە شتێكی باو نییە كە سەرۆك خۆی لە بەرەی شەڕدا بێت و خۆی فەرماندەیی بكات.

(سەرۆك مەسعوود بارزانی) شایستەی ستایشێكی گەورەیە

باڵیۆز پێتەر گالبریس گوتى: پێشمەرگە گەورەترین هێزیان لە شەڕی دژ بە داعشدا ساز داوە، كە تا ئێستا ئەو هێزە ئامادەیی هەبووە. هەروەها ئۆپەراسیۆنێكی زۆر سەركەوتوویان ئەنجام دا و بە باوەڕی من ئامانجەكانی خۆی پێكاوە كە ژمارەیەكی زۆر كەمی قوربانیشی لێكەوتووەتەوە. بە هەمان شێوە دەڵێم (سەرۆك مەسعوود بارزانی) شایستەی ستایشێكی گەورەیە، شتێكی باو نییە كە سەرۆك خۆی لە بەرەی شەڕدا بێت و خۆی فەرماندەیی بكات. ئەمە ئاماژەیە بە پابەندبوونی كوردستان و سەرۆكەكەی بە ئازادكردنی سەرجەم خاكی كوردستان. ئەمەش زۆر جیاوازە لەوەی لە عێراقدا بینیمان، كە سوپای عێراق لە رووبەڕووبوونەوەدا هەڵدێت، بە هەمان شێوە سەركردە سیاسییەكانی عێراق ئەركی سەركردایەتی ئەدا ناكەن. ئەمە جیاوازییەكی گەورەیە و رۆژێكی گەورەیە بۆ هەموو كوردستان.

(پێتەر گالبریس) لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان هەروەها گوتی: سەرۆكەكەتان-(سەرۆك بارزانی)- كەسایەتییەكی پاڵەوانە، ئەوەی باوە سەرۆكەكان لە پایتەختدا دەمێننەوە، بەڵام ئەو رۆڵی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئەدا كرد و نەخشەی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی زۆر ئاڵۆزی داڕشت و خۆی لەوێ بوو و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە لە بەرەی پێشەوەی شەڕدا ئامادەیی هەبوو. شتێكی دیكە كە بە شەخسی لەباری ئەوەوە دەیزانم ئەوەیە كە ئەو سەركردە و فەرماندەیەكی سەربازییە كە زۆر بە تەنگ گیانی سەربازەكانیەوەیەتی، واتە ئەو نایەوێت گیانی سەربازەكانی بە هەدەر بدات، چونكە باوەڕی وایە ئەگەر پێویست نەبوو، نابێت گیانیان بكەوێتە مەترسییەوە. لەبەر ئەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە بە ژمارەیەكی زۆر كەمی قوربانی ئەنجام درا. ئەمەش جێی ستایشە بۆ پێشمەرگە، هەروەها بۆ سەركردایەتیی مسعود بارزانی و فەرماندەكانی دیكە.

(باسه گالبریس) جەختی کردەوە: ئەو راستییەتان لە یاد بێت كە (سەرۆك ئۆباما) بە هۆی شنگالـەوە بوو كە بڕیاری دا لە رووی سەربازییەوە دەستتێوەردان بكات، لە مانگی ئابی 2014دا فەرمانی بە سوپای ئەمەریكا كرد بۆ ئەنجامدانی گورزی سەربازی بۆ پاراستنی دانیشتووانی ئێزدییەكان لە دژی جینۆسایدكردنیان، لەبەر ئەوە پێموایە ئەمە سەركەوتنێكی زۆر گرینگە بۆ (سەرۆك ئۆباما) كە ئەو شوێنەی تێیدا جینۆساید لە دژی ئێزیدییەكان ئەنجام درا لە ئێستادا رزگار كراوە. كێشەكە ئەوەیە تێكشكاندنی داعش پێویستی بە هێزی زەمینی هەیە، لە كوردستاندا پێشمەرگە ئەو هێزە زەمینییەیە، بەڵام ئەوان ناچن شەڕ لە ناوچە عەرەبییەكاندا بكەن، چونكە جێی پێشوازیكردن نین لەلایەن دانیشتووانە عەرەبەكانی ئەو ناوچانەوە. هەروەها زەحمەت دەبێت بۆ (سەرۆك بارزانی) كە بە خانەوادەی شەهیدێك بڵێت كوڕەكەتان لە پێناوی عێراقدا كوژراوە، پێشمەرگەی كوردیش ئامادەی شەڕكردن و مردنن لە پێناوی كوردستان، نەك عێراقدا. كێشەكە ئەوەیە سوپای عێراق ئەو هێزەی نییە.

 لە دوای ساڵی 1945ـەوە كەیسی ئێزیدییەكان روونترین كەیسی جینۆسایدە

لە درێژەی قسەكانیدا (پێتەر گالبریس) گوتی: لە دوای ساڵی 1945ـەوە كەیسی ئێزیدییەكان روونترین كەیسی جینۆسایدە، لە یادتان بێت دەستەواژەی جینۆساید بە پێی پەیماننامەی جینۆساید پێناسە دەكرێت، وەك كاری بەكۆمەڵ كوشتن، یان راگواستن یان سەپاندنی هەل و مەرجێك كە مایەی بەرگەگرتن نەبێت، وەك بە كۆیلەكردنی سێكسی، ئەویش بە ئامانجی لە ناوبردنی تێكڕا، یان بەشێكی گرووپێكی ئیتنی یان ئایینی، كە داعش خۆی رایگەیاند نیازی لە ناوبردنی ئێزیدییەكانی هەیە، هەروەها دەستیان دایە كوشتنی بە كۆمەڵی پیاوان و كوڕانی ئێزیدی و بە كۆیلەكردنی ئافرەتان و منداڵانیان. لەبەر ئەوە ئەمە كەیسێكی زۆر روونی جینۆسایدە. لێرەدا من وەك كەسێك قسە دەكەم كە تا راددەیەك شارەزای ئەم بوارەم كە رۆڵم هەبووە لە پەردەلادان و بە جیهان ناساندنی جینۆسایدی كورد لە ساڵی 1988دا، هەروەك لە سەروەختی شەڕی بۆسنیا-دا من باڵیۆز بووم لە كرواتیا. لە نزیكەوە روودانی جینۆسایدم بینی لە دژی موسڵمانە بۆسنییەكان و هەوڵی رێگریكردنیم دا. لەبەر ئەوە ئەمە پرسێكە كە جێی بایەخپێدانی قووڵی منە، چونكە هەروەك وتم، تا راددەیەك شارەزاییم هەیە لەبارەیەوە.

گرینگە خەڵكی كوردستان یەكڕیز و یەكگرتوو بن
(گالبریس) گوتیشی: بە دڵنیاییەوە دەزانم كە (سەرۆك بارزانی) دەیەوێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتی، ئەمەش بەلای منەوە لۆژیكی تێدایە. بەڵام من دەڵێم گرینگە خەڵكی كوردستان یەكڕیز و یەكگرتوو بن، نەك تەنیا لەبەر شەڕی داعش، بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەمە دەرفەتێكیشە بۆ سەربەخۆیی، دەرفەتە بۆ سەربەخۆیی لەبەر ئەوەی لەم ساتەوەختەدا لە سەرووی بەغداوە عێراق لە ئارادا نەماوە و خەسڵەتی نیشتمانی لە دەست داوە و بۆتە دەوڵەتی شیعە. كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەو راستییە لەبەرچاو دەگرێت كە كورد زیاتر لە هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق دیموكراتین و مەیلیان بۆ رۆژئاوا هەیە و هاوپەیمانێكی راستەقینەن، هەروەها هاوسۆزییەكی گشتی هەیە بۆ خەڵكی كوردستان و سەرسامییەك هەیە بۆ پاڵەوانێتی ئەوان. سەركردە و خەڵكانی رۆژئاوا -هەروەها ئەمە بۆ رووسیاش راستە- دەزانن كە لەم ساتەوەختەدا سەربەخۆبوونی كوردستان كارێكی راست و دروستە و پێموایە قبووڵیشی دەكەن. كەواتە ئەمە هەلێكی رەخساوە و ئەو هەلەش بۆ هەتا هەتایە نامێنێتەوە. لەبەر ئەوە سەرەڕای تێكشكاندنی داعش ئەمە دەرفەتێكی گرینگە بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستان لە خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە ببنە خەڵكی كۆماری سەربەخۆیی كوردستان.
 

هەواڵی پەیوەندیدار