٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

چی دی ڕێ بە حیزبەكەی سەر بە پەكەكە نادرێ، برەو بە هەوڵی دووبەرەكی لە نێوان پێکهاتەکانی شنگالدا بدات

سەرچاوە: KDP.info
بەشێک لەو کەلوپەلانەی کە بە تاڵان براون.

شنگال-KDP.info- قیمقامی شنگال و فەرماندەیەکی پێشمەرگە دەڵێن، پلانیان هەیە بە تووندی بەرەوڕووی ئەو هەوڵە دزێوە ببنەوە کە، وەک زانراوە حیزبێكی سەر بە پەكەكە و یەپەشە و پەیەدە لە شنگال، بە ناوی "تەڤدا"، لە هەوڵی فیتنەگێڕی و دزی و تاڵانكردن و سووتاندنی ماڵانن و، مەبەستیانە خەتاكەیشی بخەنە ئەستۆی پێشمەرگەوە.

(قاسم دربۆ) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەندێك لایەن لە شنگال ژمارەیەك خانووی هاووڵاتیانیان سووتاندن و تاڵانیان دەست پێ كردووە، بۆ ئەوەی پێشمەرگە ناشیرین بكەن و تۆمەت بخەنە ئەستۆی پێشمەرگەوە، بەڵام ئێمە رێگەیان پێ نادەین ئەو كارە بكەن، چونكە ئەم جۆرە كردەوانە داعش دەیكەن نەك هێزی پێشمەرگە، بۆیە ناكرێت لە شنگال كە بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد كراوە، ئاژاوە و دووبەرەكی لێ دروست بكرێت، بۆیە رێگریمان لێیان كردووە و بە هیچ جۆرێك قبووڵی ناكەین".
(دربۆ) گوتیشی: "ئەوەی ئەو كارانە بكات، هیچ جیاوازیەكی نییە لەگەڵ داعشدا، چونكە ئەمە دروستكردنی ئاژاوە و دووبەرەكییە لە شنگال، ئەمەیش لەلای پێشمەرگە رێگەپێدراو نییە".
(قاسم دربۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەو لایەنانە دەزانن پێشمەرگە سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كردووە و چاویان پێی هەڵنایەت، چونكە پێشمەرگە گەییشتە ناو شنگال و داعشی وەدەر نا، ئەوكات هەندێك لایەن هاتنە ناو شنگال و ئاڵای حیزبی خۆیان بەرز كردەوە و دەیانگوت، ئێمە شنگالمان ئازاد كردووە و درۆیان لە راگەیاندنەكانەوە بڵاو دەكردنەوە، خۆ ئەوانەی لە ناوچەكە بوون، شاهیدن كێ شنگالی ئازاد كردووە، بۆیە لە ئێستادا دەستیان بەو كردەوە ناشرینانە كردووە، بۆ ئەوەی لە سەركەوتنەكە كەم بكەنەوە، بەڵام ناتوانن ئەو كارە بكەن، لەبەر ئەوەی جیهان شانازی پێوە دەكات".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال دەشڵێت: "سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی كردووە كە بە هیچ جۆرێك ناكرێت كردەوەكانی داعش دووبارە بكرێنەوە و ماڵی خەڵك تاڵان بكرێت و خانووەكانیان بسووتنێدرێن، چونكە ئەم كردەوانە لە پێشەمەرگە ناوەشێنەوە و كاری پێشمەرگە پاراستی ئەو ناوچانەیە، بۆیە ئێمەیش تاكە كەس كە فەرمانی لێ وەردەگرین، (سەرۆك بارزانی)ـیە".
لای خۆیەوە (مەحما خەلیل) قایمقامی شنگال، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هەندێك لایەن لە شنگال دەیانەوێت فیتنە و دووبەرەكی دروست بكەن، ئەوەیش لە رێگەی دزین و تاڵانكردن و سووتاندنی ماڵانەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێگەیان پێ نادەین و قبووڵی ناكەین، چونكە پێویستە پارێزگاری لێ بكرێت نەك دزی و تاَلانكردن و سووتاندنی خانووەكان".
(خەلیل) گوتیشی: "بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو فیتنە و دووبەرەكی و تاَلان و سووتاندنەی ماڵان، پلانێكی باشمان داناوە و بە هیچ جۆرێك رێگەی پێ نادەین".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار