بەشێك لە شاخی بەرانان ڕما.. رێگای هاتوچۆ داخراوە

دەربەندیخان -KDP.info- سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە شارۆچكەی دەربەندیخان، بە هۆی بارانەوە بەشێك لە شاخی بەرانان داڕماوە و رێگای سەرەكیی بەنداوی دەربەندیخان و شەمێران بۆ تاوەگۆز، بە تەواوی داخراوە، بەڵام رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
لەو بارەیەوە (جەلال حاتەم) فەرمانبەر لە بەنداوی دەربەندیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند؛ " بەیانیی ئەمڕۆ لە كاتی رۆشتنیان بۆ دەوام، بینییان بەشێك لە شاخی بەرانان داڕووخاوە و تاوێر و تاشەبەردێكی زۆر هاتوونەتەوە خوارەوە و رێگای سەرەكیی بەنداوی دەربەندیخان و شەمێران بۆ تاوەگۆز، بە تەواوی لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل داخستووە، بەڵام رووداوەكە هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.
(حاتەم) گوتیشی، بە هۆی داخستنی رێگاكەوە نەیاتوانیوە بگەنە فەرمانگەكانیان و بە ناچاری لە رێگای پشتی تونێلی دەربەندیخانەوە فەرمانبەران چوونەتە دەوام.
ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو ئێستایش رێگاكە داخراوە و پێویستی بە ئالیاتی گەورە هەیە بۆ لابردنی ئەو تاوێر و بەردانە.
سیروان جاف




