٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

داوا دەكرێت شەهیدانی گوندی زارگەڵی، بە شەهیدی سەنگەر تۆمار بكرێن

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناوی 2 لە شەهیدانی بۆردوومانەكەی گوندی زارگەڵی، بە شەهیدی سەنگەر تۆمار كردووە و 3 شەهیدەكەی دیكەیش بە شەهیدی هاووڵاتی تۆمار كراون، بەڵام وەك بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران، دەڵێت، ئەوە نیگەرانیی كەسوكاری ئەوانی لێ كەوتووەتەوە و داوایان كردووە ئەوانیش بە شەهیدی سەنگەر تۆمار بكرێن.

(ئەشقی مەلا) بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دوای ئەوەی بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە و، بە بیانووی هەبوونی پەكەكە لە گوندی زارگەڵیی سنووری شارۆچكەی رواندز، پێنج هاووڵاتی بوونە قوربانی، ئێمەیش لای خۆمان مامەڵەی شەهیدانمان بۆ تەواو كردن و ناوەكانمان بۆ سەرووی خۆمان بەرز كردنەوە، خۆشبەختانە لە 1/10/2015 ناوەكانیان گەڕایەوە و مووچەی مانگانەیان بۆ دیاری كرا، لەوانە كە 2 كەسیان پێشمەرگە بوون، بە شەهیدی سەنگەر تۆمار كراون، هەروەها 3 كەسیش بە شەهیدی هاووڵاتی دیاری كراون و لەسەر ئەم پلەیە مووچەی مانگانە بۆ كەسوكاریان بڕدراوەتەوە".

(مەلا) گوتیشی: "بەڵام كەسوكاری ئەو 3 شەهیدەی ناویان بە شەهیدی هاووڵاتی تۆمار كراوە، ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و داوایان كردووە شەهیدەكانی ئەوانیش بە شەهیدی سەنگەر هەژمار بكرێن، ئێمەیش لە لای خۆمانەوە وەك بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران، دواكارییەكانمان بۆ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەرز كردووەتەوە و داواكارین ئەوانیش وەك شەهیدی سەنگەر تۆمار بكرێن".

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شەهید و ئەنفالكراوانی سۆران دەشڵێت، بەپێی یاسای وەزارەتی شەهید و ئەنفالكراوەكان، ئەوانە دەبێت شەهیدی هاووڵاتی بن، ئەگەرنا دەبێت بڕیارێكی تایبەت لە ئەنجوومەنی وەزیران دەربچێت تا ببنە شەهیدی سەنگەر، چونكە بەپێی یاسا هەر هاووڵاتییەك شەهید ببێت، بە شەهیدی هاووڵاتی هەژمار دەكرێت.

 

رابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار