"تا ئێستا زیاتر لە 100 تەن تیئێنتی لە شنگال دەرهێندراوە"

شنگال-KDP.info- قایمقامی قەزای شنگال ئاشكرای دەكات تائێستا زیاتر لە سەد تەن تیئێنتی لە شنگال دەرهێندراوە و هێزی پێشمەرگەش بەردەوامە لە گەڕان بە دوای بومب و تیئێنتی بۆ ئەوەی تیمی پووچڵكردنەوە لەناویان ببات.
)مەحما خەلیل) قایمقامی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای ئازادكردنی شنگال ڕاستەوخۆ ئێمە دەستمان بە كارەكانی خۆمان كرد و هەندێك تیپی هەندەسەی هەڵگرتنەوەی مین لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لەناو شنگال دەستیان بە پاككردنەوەی شارەكە كرد لە مین و تیئێنتی و بۆمبی چێندراو، تا ئێستاش چەندین شەقام و، ناوچەی سەرەكیش لە شنگال پاك كراوەتەوە."
قایمقامی قەزای شنگال ئاشكراشی كرد كە: "تائێستا زیاتر لە سەد تەن تیئێنتی لە شنگال دەرهێندراوە و هێزی پێشمەرگەش بەردەوامە لە گەڕان بە دوای ئەو بومب و تیئێنتیانە بۆ ئەوەی تیمی پووچڵكردنەوە لەناویان ببات."
گوتیشی: "داواكارین تیمی هەندەسی زیاترمان بۆ ڕەوانە بكرێت بۆئەوەی بەزوترین كات سەرجەم شەقام و ماڵ و گەرەكەكانی شنگال پاك بكەینەوە. چونكە تا ئێستا خەڵك ناتوانێ بچێتەوە ناو ماڵەكەی خۆی لە ترسی مین و بۆمب."
سەرباز واحید




