ژاپۆن سێ پڕۆژەی گەورەی خزمەتگوزاری لە هەرێم جێبەجێ دەکات

ههولێر-KDP.info- لهدید اریدا لهگهڵ سهرۆكوهزیرانی كوردستان، باڵیۆزی نوێی ژاپۆن رایگهیاند كه حکوومەتی ژاپۆن نزیک بە حەوت ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخان کردووە کە بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و لە بەشی هەرێم چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن وەک ئاوی هەڵەبجە و ئاوەڕۆی هەولێر و بەنداوی دێرەلوک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێ بەجێ کردنەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 16/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوزای لە فومیۆ ئیوا باڵیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق و شاندێکی دیپلۆماسیی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا ئیوا سوپاسی ئەو پێشوزاییەی کرد و بەبۆنەی ئازادکردنی شاری شەنگالەوە لە دەستی تیرۆریستانی داعش، پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کرد. جەختی لەوەش کردەوە کە خەڵک و حکوومەتی ژاپۆن بە چاوی ڕێزەوە لە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانن، چونکە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا توانیویانە سەقامگیریی ناوچەکە بپارێزن. هەروەها دووپاتی کردەوە حکوومەتی ژاپۆن لە ناردنی کۆمەک و هاوکارییەکانی بەردەوام دەبێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بە مەبەستی هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران، ڕەوانەی عێراقی دەکات.
ئاماژەی بەوەش دا دوای ئازادیی عێراق لە دەستی دیکتاتۆری، حکوومەتی ژاپۆن نزیک بە حەوت ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق تەرخان کردووە کە بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە و لە بەشی هەرێم چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ دەکرێن وەک ئاوی هەڵەبجە و ئاوەڕۆی هەولێر و بەنداوی دێرەلوک کە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها پشتگیریی خۆی و حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بووژانەوە و هاوکارییکردنی ئاوارە و پەنابەران دەربڕی.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی یارمەتی و هاوکارییەکانی خەڵک و حکوومەتی ژاپۆنی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و دیارکردنی بەشی هەرێمی کوردستان لەو هاوکارییە داراییە بەرز نرخاند کە بۆ جێبەجێکردنی چەند پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری پێشکەش بە عێراقی دەکەن. هەروەها ئاشکرای کرد کە بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن دەکەن و ئامادەییی هەرێمی کوردستانیشی بۆ بەهێزکردنی زیاتری ئەو پەیوەندیانە لە هەموو بوارەکاندا دەربڕی.
لە بەردەوامیی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی باسی لە بارودۆخی هەرێم بە شێوەیەکی گشتی و بەرەکانی شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و ڕەوشی سیاسیی عێراق و ناوچەکە کرد و هەردوولا بیروڕایان لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرد.




