لە پەرلەمانی كوردستان پانێڵێك لە دژی ئازادكردنی سوڵتان هاشم ئەنجام درا

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵی مەدەنی دەڵێ، لە پەرلەمانی كوردستان دەزگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆساید و ئەنفال، بە هاوكاریی لیژنەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لیژنەی مافی مرۆڤ، لیژنەی شەهیدان و پێشمەرگە و ئەنفال، پانێڵێكی گفتوگۆی بۆ رێگریكردن لە ئازادكردنی تاوانبارانی كەیسی ئەنفال بە تایبەت (سوڵتان هاشم) ئەنجام دا.
(نازم كەبیر هەركی) ئەندامی لیژنەی كاروباری كۆمەڵی مەدەنی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمرۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەستگای لێكۆڵینەوە بۆ جینۆساید و ئەنفال، بە هاوكاری لیژنەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لیژنەی مافی مرۆڤ، لیژنەی شەهیدان و پێشمەرگە و ئەنفالی پەرلەمانی كوردستان، هەڵساین بە سازدانی پانێڵێكی گفتوگۆ لە ژێر ناوونیشانی (نابێت ئاشتەوایی نیشتمانی بكرێتە پاساوی دەربازبوونی تۆمەتبار و تاوانباران)".
پێوەست بە ئامانجەكانی پانێلەكە، (هەركی) گوتی: "ئامانج لەم پانێڵە بۆ گفتوگۆكردنە لە پێناو دروستكردنی رایەكی گشتی و گوشار بۆ رێگاگرتن لە هەوڵەكانی دەربازكردنی تاوانباران و دادگایینەكردنی تۆمەتبارەكانی دۆسیەی جینۆساید و ئەنفال. بە تایبەت كە دەنگۆیەك هەیە گوایە چەند كەس و لایەنێك لە هەوڵدان بۆ ئازادكردنی (سوڵتان هاشم) بە تایبەتیش عەشیرەتەكەی خۆی".
ئەو ئەندامەی لیژنەی كاروباری كۆمەڵی مەدەنی راشیگەیاند: "لە پانێڵەكەدا بە وردی باسی بابەتەكە كرا و تێبینییەكان لەسەر بابەتەكە كۆ كراینەوە بۆ ئەوەی راپۆرتێكی پوخت لەسەر بابەتەكە بنووسرێت و پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكانی عێراق و ناوخۆی هەرێم بكرێت. ئەمەش بە مەبەستی رێگریكردن لە ئازادكردنی (سوڵتان هاشم) كە دەستی سوورە بەخوێنی خەڵكی عێراق بە گشتی و بە تایبەتیش كورد، چونكە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لە پرۆسەی بەدناوی ئەنفال و كارەساتەكانی بەسەر گەلی كورد هات، دەستی هەبووە".
گوتیشی: "باس لەوەیش كرا كە پێویستە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان هەموو هەوڵ و توانایەكی بخاتە گەڕ بۆ بە جینۆسایدناساندنی كەیسی هەڵەبجە و ئەنفال و شەنگال".
سەرباز واحد




