٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەڵۆ نەجات: پێویستە كێشەی خورماتوو لەسەر ئاستێكی باڵادا چارە بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك دەڵێت، ئەمڕۆ رێككەوتنێكی دیكە بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی خورماتوو واژۆ كراوە، بەڵام هاووڵاتیان رێگە نادەن جێبەجێ بكرێت، بۆیە ئەو كێشەیە زۆر لەوە گەورەترە لە ناوخۆی خورماتوو بتواندرێت چارە بكرێت و، پێویستە لە نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاستێكی باڵا ئەو كێشەیە چارە بكرێت، ئەگەر نا تەشەنە دەكات بۆ ناوچەكانی دیكەیش، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی خۆی بە رزگاركەری ئەو ناوچانە دەزانێت.

بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك  لیوا (هەڵۆ نەجات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ جارێكی دیكە رێككەوتنێك لەبارەی دۆخی خورماتووەوە كراوە و لە راگەیاندنەكانیش بڵاو كرایەوە كە هێزێكی هاوبەش دروست بكرێت و دیلەكان بگۆڕنەوە و دیاردەی چەكداری نەمێنێت، جارێ دیار نییە كە جێبەجێ دەكرێت یاخود نا، بەڵام لە دوێنێوە دۆخەكە ئارام بووەتەوە".
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك گوتیشی، هاووڵاتیان رێگە نادەن رێككەوتنەكان جێبەجێ بكرێن، چونكە زیانیان پێ گەییشتووە و زیاتر لە ١٥٠ دوكان سووتێندراون وخەڵكانێك ئاگایان لە هیچ نییە لە رێگاكانی بەغدا دەستگیر دەكرێن، بۆیە دۆخەكە ئاڵۆزە، رێككەوتنەكانیش جێبەجێ ناكرێن، چونكە لەئێستادا كێشەكە لە نێوان هاووڵاتیاندایە زیاتر".
لیوا (هەڵۆ) ئاماژەیشی دا، ئەو كێشەیە زۆر لەوە گەورەترە كە لەناو خورماتوو چارە بكرێت، بۆیە پێویستە لەنێوان هەرێم و بەغدا و لەسەر ئاستی باڵا چارە بكرێت، چونكە حەشدی شەعبی وا بیر دەكاتەوە ئەو ناوچانەی رزگار كردووە و پێویستە بەشدار بێت لەوشارە، بۆیە ئەو چارەسەرانە كاتین و پێویستە لەسەر ئاستی باڵا چارەسەری یەكجارەكیان بۆ بدۆزرێتەوە.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك ڕوونیشی كردەوە، ئەم گرفتە ئەگەر لەسەر ئاستی باڵادا چارە نەكرێت، تەشەنە دەكات بۆ ناوچەكانی دیكە، بۆیە پێویستە رێككەوتنێكی زۆر جیددی بكرێت و سنوور و كاری هێزەكان دیاری بكرێت، بۆ ئەوەی زیادەڕۆیی نەكەن  و ناوشاری خورماتوویش وەكو پێشتر بدرێتە دەستی هێزی ئاساییش و پۆلیس.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار