دوازانیاری لەبارەی دامەزراندنی فەرمانبەرانەوە

هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەموو ئەو كەسانەی داواكارییان بۆ فەرمانبەری پلەباڵا پێشكەش كردبوو، ناوەكانیان جیا كردووەتەوە و بڕیارە رۆژی چوارشەممە ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەسەری كۆ ببێتەوە و بڕیاری لەسەر بدات.
گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان (شێروان زرار)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو ناوانەی كە بۆ فەرمانبەری پلەباڵا داواكارییان پێشكەش كردبوو، جیا كراونەتەوە لەلایەن لیژنەیەكی تایبەت لە كۆمسیۆن كە ٥٠ هەزار كەس داواكاری بۆ ئەو پۆستانە پێشكەش كردووە، ئێمەیش راپۆرتێكمان ئامادە كردووە و چەند ئالییەتێكمان داناوە بۆ ئەوەی ئەو ژمارە زۆرە كەم بكرێنەوە ژمارەیەكی دیاریكراو هەڵبژێدرێن تا چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەن، چونكە ئەو ژمارەیە گەلێك زۆرە".
گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان گوتیشی، ئەو كەسانەی داواكارییان بۆ فەرمانبەری پلەباڵا پێشكەش كردووە، هەندێك كەموكوڕی و ناوی دووبارەی تێدا بوو، ئەوەیان چارە كردووە و بە راپۆرتێك ناوەكانیان لەگەڵ پێشنیازەكان ئاڕاستەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران كردووە، بڕیاریش بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی لەسەر بكرێت، بەڵام بۆ رۆژی چوارشەممە دوا خرا، بۆیە ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن چۆن ناوەكان یەكلا بكرێنەوە.
دەشڵێت، هەر كاتێك كاری دامەزراندنی فەرمانبەری پلەباڵاكان تەواو بێت، دواتر دەست بە كاركردن دەكەن بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی ئاسایی.
١٠٨ هەزار كەس داواكاریی بۆ ٥٣٥ پلەی دامەزراندن لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان پێشكەش كردووە، كە پێنج هەزار لەوانە بۆ فەرمانبەری پلەباڵان.
بڵند ئیبراهیم




