٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەیلەسوفی فەڕەنسایی (لیڤای): دەبێ پێشمەرگە پڕچەک بکرێ.. لە عێراق و سووریادا دژ بە داعش نەجەنگین، پاریس و نیویۆرک دەبن بە گۆمی خوێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئاکادیمی و سیاسی و فەیلەسوف(بێرنار هێنری لیڤای)، کە لە دیارترینی ئەورووپاییەکانە، رایدەگەیەنێ، بۆ ئەوەی بەسەر ئەو شەیتانەدا(داعش) سەرکەوین، بەرلەوەی نیویۆرک و پاریس ببن بە گۆمی خوێن، پێویستە لەسەر (ئۆباما) بڕیاری جیددی بدا و هێز ڕەوانە بکات و، چەک بدات بە پێشمەرگە کە، ەب ەبرچاوی منەوە سێ ڕۆژ لەمەوبەر سەرکەوتنێکی مەزنی بەسەر تیرۆردا بەدەست هێنا.

ئەو فەیلەسوفە فەڕەنساییە، پاش کردە تیرۆریستییەکانی پاریس، بە تۆری ڕاگەیاندنی "سی ئێن ئێن"ـی ڕاگەیاند، "هێرشکاران زانیویانە کە چ دەکەن و، دەزانن فەرەنسا هاوپەیمانی ئەمەریکایە و دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە.. دەبێ لە کڕۆکی ئەو کێشەیەی لە سووریا و عێراق تێبگەین. ئەگەر داعش تێکنەشکێنین، ئەوا کارەساتی هاوشێوە دووبارە دەبنەوە."
جەختی کردەوە، "ئەگەر ڕاستەوخۆ نەچینە جەنگەکەوە لە عێراق و سووریا، ئەوا جەنگ لە پاریس و نیویۆرکدا بەرپا دەبێ. تا ئەو بەدکارانە هێزیان بمێنێ ئەوا خوێن دەڕژێ، هەر ئەمەیش بوو پێرێ لە پاریس و ١٤ ساڵ پێشتر لە نیویۆرک ڕووی دا."


فەیلەسوفی فەڕەنسایی (بێرنار هێنری لیڤای) هاوکات پەیامیکی تووند ئاڕاستەی سەرۆکی ئەمەریکا(باڕاک ئۆباما) دەکات و دەڵێ، "ئەو درووشمەی ئەمەریکا کە لە دواوەڕا ڕابەرایەتی دەکات بەسەر چوو، ئەگەر بەڕێز(ئۆباما) دەخوازێ شتی باش لە دوای خۆی جێ بهێڵێ و سەرکەوتنێکی ئەخلاقیی ڕاستینە بۆ خۆی تۆمار بکات، ئەرکیەتی هاوکاری پێشکەش بکات و ڕۆڵی جیددی لە شکستپێدانی داعشدا ببینێ.
سێ رۆژ لەمەوبەر من لەگەڵ پێشمەرگە لە شنگال بووم، ئەوان جەنگێکی مەزنیان بەرپا کرد و تێیدا سەرکەوتن، بەڵام بە ئەو چەکەی بەردەستیانە ناتوانن بە تەنیا شەڕ بکەن، بۆیە پێویستە لەسەر ئێمە هەوڵی زیاتر بدەین لە هاوکاری و پشتیوانیکردنی کورد، تا شکست بەو ئەو شەیتانانە بێنێ، ئەگەر نا لە وڵاتەکانماندا خوێنی زیاتر دەڕژێ و، دەبێ بەڕێز (ئۆباما) باش لەمە تێبگات."

ئەو فەیلەسوف و ئاکادیمیستە هەروەها گوتی، "ڕاستییەکەی ئەمڕۆکە سووریا و عێراق بوونەتە قوتابخانەی مەشق بۆ تیرۆریستان لە هەموو جیهاندا، ئێمە دەستبەرداری قوتابخانەیەکی وەحشەتناک بووین، کە ساڵ و نیوێکە لە سووریا و عێراقدا تاوانەکانیان برەو دەستێنن، ئەمەیە دۆخی هەنووکەیی، ئەمە جەنگێکە کە نەماویستووە بەسەریدا سەر بکەوین و هۆکارەکەیشی نازانم، ئەمە وەک ئەوە وایە کە، بۆ پیاوێک پێشنیاز بکەن تا ببێ بە پادشا و ئەویش ڕەتی بکاتەوە."


(لیڤای) وەها کۆتایی بە قسەکانی دەهێنێ و دەڵێ، "باوەڕم وایە کە لەسەر دیمۆکراتیەتی ڕۆژئاوایی و وڵاتانی عەرەبی پێویستە لە ئەم جەنگەدا بەسەر ئەو شیرپەنجەیەدا سەرکەون، کە زۆر بە خێرایی گەشە دەکات و بە بەرفراوانی بڵاو دەبێتەوە؛ هیوام وایە کە ئەم هێرشانە (هێرشە تیرۆریستییەکانی پاریس) دوایین هێرش بووبێتن، بەڵام دڵنیا نیم."

هەواڵی پەیوەندیدار