کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان دەکرێتە پێنج قیست

هەولێر-KDP.info- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىیی حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕیاری داوە، پێدانى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان، لەدوو قیستەوە بکرێتە پێنج قیست.
(عەباس ئەکرەم) گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، وەزارەتى خوێندنى باڵا بەهاوبەشى لەگەڵ لێژنەى پەروەردە و خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى پاڕلەمانى کوردستان، بەرەچاوکردنى بارى داراییى قوتابیان و, ناسەقامگیریى بارودۆخى ئابووریى هەرێمى کوردستان، بە نووسراوى ژمارە (23652) کە لە (٨/١١/٢٠١٥) بە ئیمزاى (د.یووسف گۆران) وەزیرى خویندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرچووە، بڕیاری دا، پێدانى قیستەکانى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لە دوو قیستەوە بکرێتە پێنج قیست.
گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا جەختیشى کردەوە، لە پێشووتردا وەزارەتەکەمان بە نووسراوى ڕەسمى بڕیاری داوە لەبەر ئەم بارودۆخە سەختەى ئابووریى هەرێمى کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، کرێى خوێندن بۆ ساڵى (٢٠١٥-٢٠١٦) وەک خۆى بمێنێتەوە و زیاد نەکرێت؛ بۆ ئەوەش زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان پابەندبوونى خۆیان بە بڕیارەکەى وەزارەت دووپات کردووەتەوە و تەنانەت بەشێک لە زانکۆکان لە هەندێک بەشدا نرخەکانیان دابەزاندووە، لە هەمان کاتدا بەشێک لە زانکۆ تایبەتەکان دەستپێشخەرییەکان کردبوو کرێى خوێندنیان لە قوتابیان بە زیاتر لە دوو قیست وەردەگرت.




