ڕەوشی خورماتوو بەرەو ئارامی دەچێت

خورماتوو-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو هێزی دژەتیرۆر هاتوونەتە نێو خورماتوو بۆ پاراستنی گەڕەكە كوردییەكان تا هیچ روو نەدات و، هەروەها هێزێكی حەشدی شەعبییش بۆ پاراستنی گەڕەكە توركمانەكان چووە تا تەقە نەكەن و ڕەوشەكە بە ئارامی رابگیرێت.
بەڕێوەبەری ئاساییشی شارۆچكەی خورماتوو رائید (فارووق ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە دوێنێ شەوەوە رەوشی شارۆچكەی خورماتوو ئارام بووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش دوو هێز هاتوونەتە ناوشار كە یەكیان دژەتیرۆرە و گەڕەكە كوردییەكان دەپارێزن، ئەوەی دیكەیشیان حەشدی شەعبییە لەو گەڕەكە توركمانانە بڵاوەیان پێ كراوە كە تەقەیان لێوە دەكرێت تا كۆنتڕۆڵی ڕەوشەكە بكرێت".
(فارووق ئەحمەد) گوتیشی: "بەڵام تا چەند پابەند دەبن بەو كارەوە دیار نییە، ئەگەر پابەند بن پێیەوە ئەوا ڕەوشەكە بەرەو ئارامی دەڕوات و ئەگەریش پێوەی پابەند نەبوون، ئەوا ڕەوشە وەكو خۆی لێ دێتەوە".
نەشوان بەرزنجی




