بەم زووانە هەر خێزانێكی ئاوارە 100 لیتر نەوتی بێبەرانبەر پێ دەردێت

دهۆك-KDP.info- بڕیاردەری لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، گازی سپی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆ ئاوارەكانی پارێزگای دهۆك دابین كرابوو، بەڵام كوالێتییەكەی باش نەبوو، بۆیە وەرنەگیرا و چاوەڕێن بەغدا بەم زووانە كاروانێكی دیكە بنێرێت.
(شیمال عادل میرۆ) بڕیاردەری لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "برێك گازی سپی كە لە 250 هەزار لیتر پێك هاتبوو، بۆ ئاوارەكان لەلایەن بەغداوە ڕەوانەی پارێزگای دهۆك كرابوو، بەڵام دوای پشكنین دەرچوو كوالێتییەكەی باش نەبوو، بۆیە رەت كرایەوە".
ئەو بڕیاردەرەی لیژنەی سووتەمەنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك گوتیشی: "بڕیارە بەم زووانە جارێكی دیكە ئەو بڕە نەوتە بەغدا بە كوالێتیەكی باشەوە بینێرێت و، هەر خێزانێكی ئاوارە 100 لیتر نەوتی بێبەرانبەر پێ دەدرێت".
نەشوان بەرزنجی




