ڕزگاركردنی شنگال و پاراستنی نامووسی نەتەوەیی

سالار بابەشێخ
لە لێواری فەردە هەڵچنراوەكانی پڕ لە لم و وردەبەردی سەنگەرێك لە ناوەندی شنگال، مایكی میدیاكان ریز كرابوون، هەتا نەخشەداڕێژەری رزگاری و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، دوای راماڵینی تارماییەكانی وەحشی ئەم سەردەمە، لەسەر دەستی پێشمەرگە و باسكی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانی كورد، پەیامێك ئاراستەی جیهان بە گشتی و كوردانی ئێزدی و كوردستانیان بەتایبەتی بكات.
سەرۆك بارزانی وتەكانی "بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان" دەست پێكرد. بە ناوی ئەو "خودا"یەی كە داعشییەكان بۆ سەربڕینی مرۆڤ ناوی دەهێنن و، بارزانی بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤایەتیی پەنای بۆ دەبات. دواتر سەرۆكی پێشمەرگە ئازادكردنی شنگالی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش بە "سەركەوتنێكی مەزن بۆ گەلی كوردستان" هەژمار كرد و گوتیشی: "ئێستا گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەكات و دوژمن دەشكێنێ و پارێزەری بەهاكانی مرۆڤایەتیشە".
بارزانی لە تەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا هێمای بۆ كرد كە ئێزدییەكان "دووجار زوڵمیان لێ كراوە، بە هۆی كوردبوونیان ستەمیان لێ كراوە و بەهۆی ئایینەكەیشیان چەوسێندراونەتەوە و ئازار دراون". هاوكات گوتی: "دەمەوێ خوشك و برا ئێزدییەكان لەوە دڵنیا بكەمەوە كە هەمیشە گەلی كوردستان پاڵپشتیانن و ئەوان بەشێكی ئازیزی كوردستانن و پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ئەوەی سەلماند".
ئەو سەرۆكەی هەرێمی ژێر دەستەڵاتی كە كەرتێكی كوردستانی بێدەوڵەتە، گەیاندووەتە ئەو ئاستەی لە ناوچەكە و لە ناوەندە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی زلهێزدا وەك كیانێكی متمانەپێكراو حیسابی لەسەر بكەن، وەك پلاندانەر و فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە راستەوخۆ لەئۆپراسیۆنی مێژووییەی رزگاركردنی شنگال بەشدار بوو، لە كاتێكدا وا باو نییە سەرۆكی وڵاتێك تا ئەو ئاستە یاری بە گیانی خۆی بكات و ژیانی بخاتە مەترسییەوە.
سەرۆك بارزانی لە پەیامەكەیدا وێڕای بەڵێنی ئاوەدانكردنەوەی شنگال و قەرەبووكردنەوەی شنگالییەكان داوای لە كچان و پاكیزەكانی ئێزدی كرد، سەربەرز بكەنەوە و دڵنیا بن لەوەی ئەوان "كچی كوردان و هێمای شەرەف و بەرخۆدانن".
بێگومان ئازادكردنی شنگال و دەیان گوندی دەوروبەری و، بڕینی رێگەی سەرەكیی- 47 -كە شادەماری ترانزیتیی گوازتەوەكانی چەك و تەقەمەنی و چەكدارانی داعش بوو لە نێوان -رەقە و مووسڵ-، كە ئەبوبەكر بەغدایی و شوێنكەوتووانی بە خەیاڵی خاویان بە دوو پایتەختی قەڵەمڕەوی خەلافەتەكەی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"ى دەزانن!! هەموو خەونە نەزۆكەكانی داهاتووی بكڕ و بفرۆشی پاكیزەكانی كوردی كردە بڵقی سەر ئاو. جارێكی دیكە و ئەمجارەیان بە زەبرێكی جەرگبڕ پێشمەرگە تەلیسمی خۆكوژە هەڵخڵەتاوەكانی داعشی شكاند كە نامووسی كوردیان كردە "سەبایا"!
لە شەڕی خواكورك و كۆڕێ، هەتا دەگاتە ئازادكردنی مەخموور لە دەستی داعش و ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگال، هەر كامیان بە بارتەقای خۆیان هەنگاوی مەزنی مێژووی كوردن، كە لە داهاتوویەكی نزیك مەودادا سەربەخۆیی كوردستانی لێدەكەوێتەوە. با ئەم دەرفەت مێژووییەمان لە كیس نەچێ.
با ئەوەش بە بیر خۆمان بهێنینەوە كە هەر یەك رۆژ دوای رزگاركردنی شنگال، گوڕێكی بەكۆمەڵی 80 پاكیزەی ئێزدی دۆزرایەوە. ئەوە نموونەیەكی ئەو تاوانە نەگریسانەی داعشییەكان و دووبارەكردنەوەی ژینۆسایدی نەتەوەیی و نامووسی كوردە، بۆیە بە هەموو پێوەرێك رزگاركردنی شنگال دەچێتە خانەی پاراستنی نامووسی نەتەوەییمان و لە ئێستاشدا دەبێت ئیرادەی نەتەوەییمان یەك بخەین، بۆ ئەوەی تاریكپەرستانی جاهیل و دڕندە نەوێرن جارێكی دى دەست بۆ خاك و نامووسی نەتەوەیی كوردان بەرن.




