جێگری وەزیری بهرگری ئەمەریكا: ئازادبوونی شنگال، كاریگەره بۆ لاوازبوونی داعش و ڕزگاركردنی دهڤەرەكانی دیكە

ههولێر-KDP.info- جێگری وهزیری بهرگری ئهمهریكاو شاندی یاوهری لهدیداریاندا لهگهڵ سهرۆكوهزیرانی كوردستاندا، ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالیان بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی هاوكاریی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی دژی داعش بە تایبەتی ئەمەریكا زانی، كە كاریگەری لەسەر لاوازبوونی هێزی داعش لە ناوچەكە و ڕزگاركردنی دهڤەرەكانی دیكە، هەیە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 15/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە خاتوو كرستین وۆرموس جێگری وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی و شاندێكی سەربازی و دیپلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، شاندی میوان پیرۆزباییان لە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شاری شەنگال و هاوخەمی خۆیان بۆ كەسوكاری شەهیدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەربڕی و هیوای زوو چاكبوونەوەیان بۆ برینداران خواست. هەروەك ئۆپەراسیۆنەكەشیان بە یەكێك لە دەستكەوتەكانی هاوكاریی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانیی دژی داعش بە تایبەتی ئەمەریكا زانی، كە كاریگەری لەسەر لاوازبوونی هێزی داعش لە ناوچەكە و ڕزگاركردنی دهڤەرەكانی دیكە، هەیە. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیاندا ئامادەیی خۆیان بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگییەك بەمەبەستی بەهاناوەچوونی ئەو دەڤەرانەی لە دەستی داعش ڕزگار كراون دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری ئاوەدانكردنەوەیاندا.
لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەرۆك و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی پێشكەش بە ئەمەریكا و وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی دژی داعش كرد كە بەهۆی هاوكارییە سەربازییەكانیانەوە توانرا لە ماوەیەكی زۆر كورتدا شەنگال لە داعش پاك بكرێتەوە و هیوای بەردەوامیی ئەو هەماهەنگییەی خواست بۆ ڕزگاركردنی هەموو دەڤەرەكانی دیكەی عێراق لە تیرۆرستان. ئاماژەی بەوەش دا ئەو دەڤەرانەی ڕزگار دەكرێن پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوەیە و ئەمەش لە كاتێكدایە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە قەیرانێكی قوڵی داراییدا تێدەپەڕێت بۆیە هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو بوارانەدا هاوكاریی حكوومەتی هەرێم بكات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سهرۆكوهزیران ئاماژەییشی دا كە لە قۆناغی داهاتوودا پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی هاوكارییەكان بكرێت بە شێوەیەك لەگەڵ قۆناغەكە بگونجێت و كاریگەرییان زیاتر بێت.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەك و هەولێر و ئەمەریكا لەلایەكی دیكە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




