"بەریتانیا لە پێویستییەکانی قۆناخی ئێستای هەرێم دەکۆڵێتەوە..بهبۆنهی گرتنهوهی شنگال پیرۆزباییان له خهڵك و حكوومهت كرد"

ههولێر-KDP.info- لهدیداریدا له گهڵ سهرۆكوهزیرانی كوردستاندا شاندێكی پهرلهمانتارانی بهریتانیا رایدهگهیهنن كه وڵاتهكهیان له پێداویستییهكانی قۆناخی ئێستای ههرێم دهكۆڵنهوه و بهبۆنهی ئازادكردنی شنگالیشهوه پیرۆزباییان له خهڵك و حكوومهتی ههرێم كرد.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 15/11/2015 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانتارانی بەریتانیا لە گرووپی دۆستایەتیی هەموو پارتەکانی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ پشتگیری لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی بەریتانیایان پێشکەش بە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە سەرەڕای قەیرانی دارایی، پێشوازییان لە ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر کردووە و خزمەتگوزاریی پێویستیان پێشکەش کردوون. ئاماژەیان بەوەش دا کە شانازی بەوەوە دەکەن هاوپەیمانی هەرێمی کوردستانن لە شەڕی دژی تیرۆر و پیرۆزباییان پێشکەش بە خەڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد بە بۆنەی ئازادکردنی شاری شەنگالەوە لە دەستی تیرۆرستانی داعش کە گرنگییەکی زۆری بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی گشتی هەیە.
هەروەها باسیان لەو هاوکارییانە کرد کە لە ڕابردوو و ئێستادا لەلایەن بەریتانیاوە پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کراون و خوازیار بوون پێویستییەکانی قۆناغی ئێستا بزانن بۆ ئەوەی بەپێی پێویستیی قۆناغەکە هەوڵ بدەن هاوکارییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکەن. هەروەک باسیان لە بارودۆخی عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و پرۆسەی سیاسی لە ناوچەکە و ئەو گرفتانەی لە عێراق هەن، کرد.
لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی کرد و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەوەی پەرلەمانتارانی هەموو پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی بەریتانیا پشتگیری لە هەرێمی کوردستان دەکەن و ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکارییەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا و هەموو وڵاتانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بۆ هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێت، بە تایبەتی لەڕووی سەربازییەوە کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لە ئازادکردنی دەڤەرەکان بە گشتی و بە تایبەتی ڕزگارکردنی شاری شەنگال لە دەستی تیرۆرستانی داعش هەبووە و هیوای خواست لە ڕووی سەربازی و مرۆییەوە هاوکارییەکان زیاتر بکرێن بۆ ئەوەی بتوانرێت مەترسیی تیرۆر بە یەکجاری لە ناوچەکە بنبڕ بکرێت و وەک پێویستیش هاوکاریی ئاوارە و پەنابەران بکرێت.
سهرۆكوهزیرانی كوردستان ئاماژەییشی دا بە قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بۆ هەرێمی کوردستان کرد کە بارگرانییەکی زۆری بۆ هەرێم دروست کردووە و هیواخواز بوو لە سووککردنی ئەو بارگرانییە، هاوکاریی زیاتری هەرێم بکەن. دەربارەی بارودۆخی سیاسی و ئەو کێشانەی بەم دواییە لە هەرێمی کوردستان دروست بوون، بەڕێز سەرۆک وەزیران سەرەتا پوختەیەکی لەبارەی ئەو ڕووداوانەوە پێشکەش کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە سەرجەم کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن.
تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی دیکەی پەیوست بە هەردوولا، بە تایبەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و زیاتر تۆکمەکردنیان لە هەموو ڕوویەکەوە، لایەنێکی دیکەی دیدارەکە بوو.




