ئاساییشی شنگال: كەسانی بێتاوان دەستگیر نەكراون و خانووی هاووڵاتیانیش نەتەقێنراونەتەوە

شنگال-KDP.info- لە چەند ماڵپەڕێكی عێراقی بڵاو كراوەتەوە كە لە شنگال دەست كراوە بە تەقاندنەوەی خانووی هاووڵاتیان و گرتنی خەڵكی، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال رەتی دەكاتەوە و دەڵێ، لە سنووری شنگال هیچ كەسێكی بێتاوان دەستگیر نەكراوە و خانوویش نەتەقێنراونەتەوە.
(قاسم سمۆ) بەڕێوەبەری ئاساییشی شنگال، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، دەنگۆی ئەو ماڵپەرانە رەت دەكاتەوە و دەڵێ: "بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە كە هیچ هاووڵاتییەكی بێتاوان لە سنووری شنگال دەستگیر كرابێت، یاخود خانوو تەقێنرابێتەوە، هێزەكانی پێشمەرگە تەنیا بەرگری لە شنگال دەكەن و لە سەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕن دژ بە تیرۆریستانی داعش".
(سمۆ) گوتیشی، تەنیا تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین سەرقاڵی پاككردنەوەی خانووی هاووڵاتیان و پووچەڵكردنەوەی مینن لە نێو گەڕەكەكانی شنگال.
نەشوان بەرزنجی




