٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"كاتی موزایەدە نییە، بەڵكە كاتی ئەوەیە كە ڕفێندراوانی ژێردەستی داعش رزگار بكەین"

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە ڕوونی دەكاتەوە، لە شنگال تەنیا یەك ئاڵا هەیە كە ئەویش ئاڵای كوردستانە و لە سەرانسەری شنگالدا بەرز دەكرێتەوە، ئەمەیش بۆ رێگریكردن لە هەموو جۆرە موزایەدەیەكی سیاسیی گرووپ و حزبەكان. دەشڵێت: "نابێ ئاڵای هیچ لایەنێك لە شنگال بەرز بكرێتەوە جگە لە ئاڵای كوردستان."

چەند لایەن و گرووپێك باس لەوەدەكەن كە گوایە پارتی موزایەدەی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەوە كردووە لە شنگال و بە لاڕێیدا بردووە و بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەكاری هێناوە، لە وەڵامیشدا عەمید (ئاشتی كۆچەر) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو لایەن و گرووپانەی ئەو جۆرە قسانە دەكەن، بە پێچەوانەوە بابەتەكان شرۆڤە دەكەن، پێمان خۆشە ئەو لایەن و گرووپانە بێنە مەیدانی شەڕی تیرۆریستان و بە چاوی خۆیان ببینن كێ شنگالی رزگار كردووە و كێ ناوچەكانی ماددەی 140ـی كۆنتڕۆڵ و پاراستووە، ئێمە جەخت لەوە دەكەینەوە كە نابێ ئاڵای هیچ لایەنێك لە شنگال بەرز بكرێتەوە جگە لە ئاڵای كوردستان".
(كۆچەر) گوتیشی: "ئێمە رێگری لە كەس ناكەین، بەڵكە تەنیا یەك ئاڵا هەیە كە ئەویش ئاڵای كوردستانە و لە سەرانسەری شنگال بەرز دەكرێتەوە، كە ئەمەیش بۆ رێگریكردنە لە هەموو جۆرە موزایەدەیەكی حزبی و سیاسیی گرووپ و حزبەكان، چونكە ئێستا كاتی موزایەدەی سیاسی و حزبی نییە لە شنگال، بەڵكە كاتی ئەوەیە كە دیل و هاووڵاتیانی ژێردەستی داعش رزگار بكەین، وەك چۆن (سەرۆك بارزانی) بڕیاری داوە هیچ ئاڵایەكی حزبی لە شنگال بەرز ناكرێتەوە، هەر بە گوێرەی ئەو فەرمانەی سەرۆكیش ئاڵای پارتیشمان بەرز نەكردووەتەوە لە شنگال و بۆ ئێمەیش رێگەپێدراو نییە".
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال جەختیشی كردەوە، ئەگەر پلان و حەكیمیی و سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) نەبووایە، ڕووبەری 140 كیلۆمەتر هەر لە سحێلاوە تا شنگال رزگار نەدەكرا، كە ئەمەیش بە لێهاتوویی (سەرۆك بارزانی) و هیممەتی پێشمەرگە و پارتیی دیموكراتی كوردستان كراوە".

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار