پێیانگوتووین لە ناوچەی سەوز نەچینە دەرەوە.. پەرلەمانتارانی كورد لەبەردەم هەڕەشەدان

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: "بۆ ئەوەی كەس نەبێت بە قوربانی، داوا لە هەموو كوردان دەكەم نە بە رێگای وشكانی و نە بە فڕۆكە نەیەن بۆ بەغدا، چونكە تەنانەت ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردیش هەڕەشەمان لەسەرە".
(د. ئەشواق جاف) ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەواڵمان پێ گەییشتووە چەكداران و توندڕۆیانی شیعە كوردیان رفاندووە لە شاری بەغدا و لە ئێستادا كورد كراوەتە ئامانج، بۆ ئەوەی كەس نەبێت بە قوربانی، داوا لە هەموو كوردان دەكەم نە بە رێگای وشكانی و نە بە فڕۆكە نەیەن بۆ بەغدا، چونكە سێ رۆژە لە دوزخورماتوو گرژی هەیە و هاووڵاتیی سڤیل لەلایەن چەكدارە شیعەكانەوە بە دیل دەگیرێن و دەكوژرێن، كەسیش نەیتوانیوە رەوشەكە هێور بكاتەوە. ئەوكوردانەی دێن بۆ بەغدا هەڕەشەیان لەسەرە و كەس نییە ئەو چەكدارانە كۆنتڕۆڵ بكات كە ئەو كارانە دەكەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشداریشی دا كە: "هەر بۆ زانیاریی هەموو لایەك و دڵنیایی هاووڵاتیانی كورد لە داواكەم، چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەران پێیان راگەیاندووین هیچ پەرلەمانتارێكی كورد لە ناوچەی سەوز دەرنەچێت و زۆر ئاگاداری خۆمان بین، ئەمەیش بەڵگەی ئەوەیە كە ئێمەی پەرلەمانتاریش هەڕەشەمان لەسەرە".
سەرباز واحد




