٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبری بەشەخۆراك، هاووڵاتیان بە 18 هەزار دینار قەرەبوو دەكرێنەوە

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info-  ڕێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم و عێراق رایگەیاند: "ماوەیەكە پارەی 10 مانگی شیری فەوتاو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت، لە هەمان كاتیشدا حكوومەتی عێراق ئێمەی ئاگادار كردووەتەوە كە سەردانی بەغدا بكەین بۆ وەرگرتنی چەكی فەوتاوی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان كە هەر هاووڵاتییەكی هەرێم 18 هەزار دیناری دەدرێتێ".

(حوسێن سەبری) بەڕێوەبەری كۆمپانیای خۆراك لە پارێزگای دهۆك و رێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی هەرێم و عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق، هەر ماددەیە‌ك بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش نەكرابێت، بە پارە قەرەبوو دەكرێتەوە، بۆیە بڕیار درا بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەر هاووڵاتییەكی هەرێم 18 هەزار دینار وەربگرێت، ئەویش قەرەبووكردنەوەی بەشەخۆراكی هەر چوار مانگی 9 و 10 و 11 و 12ـی ساڵی 2014ـیە".
(سەبری) گوتیشی: "ئێمە ئاگادار كراوینەتەوە كە بچینە بەغدا و چەكی خۆمان وەربگرین و دەچین لە بەغدا چەكەكان دەهێنین و كاتی گەییشتنی پارەكەیش بۆ بانكەكانی هەرێمی كوردستان، بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشی دەكەین".
رێكخەری نێوان وەزارەتی بازرگانی هەرێم و عێراق ئاماژەی بەوەیش كرد، پارەی شیری فەوتاوی منداڵان دابەش دەكرێت، پارەكە بۆ مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو تا كۆتایی ساڵەكەیە و بڕی 14 هەزار و 500 دینارە بۆ هەر مانگێك.

رابین شێروانی
 

هەواڵی پەیوەندیدار