فهرماندهیی رۆژئاوای دیجله: بهیاننامهنووسهكهی مهكتهبی سیاسیی یهكێتی، شهخسیانه دهنووسێ و ئهندامانی مهكتهبیش لێی ناڕازین

رۆژئاوای دیجله-KDP.info- فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، بۆ ئەو بەرپرسەی كە بەناوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەیاننامە دەنووسێ، رایدهگهیهنێ، زۆر چاك دەزانین بەیاننامەكەی بەڕێزتان تەنیا نووسینێكی شەخسیە و هەڵوێستی مەكتەبی سیاسیی تێكۆشەری یەكێتی نییە و، هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییش ئاگاداری بەیاننامەكە نین و زۆریش لێتان ناڕازین.
دهقی وەڵامی دووەم لە فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە بۆ ئەو بەرپرسەی كە بە ناوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بەیاننامە دەنووسێ:
لامان سەیرە كە بەڕێزتان پێتان سەیرە، كە ڕوونكردنەوەی ئێمەتان بە خێرا و تووڕە وەسف كردووە. پرسیارمان ئەوەیە جەنابتان بۆ وا بە شپرزەیی و خێرا وەڵامتان داوەتەوە؟ شوكر ئێوە زۆر سەرقاڵ نین و دەتانتوانی بە دیققەتێكی زیاترەوە وەڵاممان بدەنەوە و، كاتی زۆرتری بۆ تەرخان بكەن.
ئەگەر ئێمە تووڕە بین حەقمانە، چونكە ناتوانین ڕێگە بدەین ڕاستییەكان چەواشە بكرێن. ئەگەر حەز ناكەن كەمەندكێشی بەندوباوی ناكۆكییەكان بین، ئەی ئەو وەڵامدانەوە بە پەلەتان لە چی بوو؟ دڵنیایش بن وەڵامی ئەو وەڵامنامەمان بدهیتەوە دیسان وەڵامتان دەدەینەوە، چونكە ناكرێ تاهەتایە لێبگەڕێین خەڵك ببێتە قوربانیی چەواشەكاری و لەم نەریتەتان بەردەوام بن.
خۆزگەمان دەخواست بە زانیاریی زیاترەوە بەیاننامە بنووسێ. بەڵام لێتان ناگیرێت كەسێك دوور بێت لە شەڕگەكان و ئەرزی واقیع، لە كوێ بزانێ هێزە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال كێن؟ زۆر چاكیش دەزانین بەیاننامەكەی بەڕێزتان تەنیا نووسینێكی شەخسیە و هەڵوێستی مەكتەبی سیاسیی تێكۆشەری یەكێتی نییە و، هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش ئاگاداری بەیاننامەكە نین و زۆریش لێتان ناڕازین.
شتێكی تریشمان لا سەیر نییە كە هەڵوێستی ڕاشكاوانەی فەرماندەیی پێشمەرگە لە ڕۆژئاوای دیجلە بە نووسینی كەسێكی دیاریكراو دەزانن، چونكە دەزانین ئێوە هەموو شتێك لە ڕبەی خۆتان دەپێون، ئەوە بەڕێزتانن دوور لە چاوی هەڤاڵانت و بەناوی ئەوانەوە بەیاننامە دەنووسن.
دەزانین تامی هەنگوینتان لە یاد كردووە و زۆر موعجیبی گهریلا و ناوی دیكەن، كە ئامادە نین لەژێر ئاڵای پیرۆزی كوردستان ببنە هاوسەنگەرمان، هەر ئەوانەی كە سووكایەتییان بە تەرمی پیرۆزی ئەو پێشمەرگانەی ڕۆژئاوا كرد كە لە ئازادكردنی شنگالدا گیانی خۆیان بەخشییە كوردستان. پێمان خۆش بوو جوابێكت بۆ ئەو سووكایەتییەی ئەوان هەبا و لێت پرسیبان بۆچی ئامادە نین بێنە ژێر ئاڵای كوردستان و لە شنگال شەڕی تیرۆریستان بكەن. خۆ داوایان لێ كرابوو بەشدار بن لە ئۆپڕاسیۆنەكەدا، بەڵام چاویان بە ئاڵای كوردستان هەڵنەدەهات و بەشدارییان نەكرد.
مەمنوونیش دەبین ئەگەر ئیمانتان پێی هەبێت، بگەڕێنەوە بۆ كانگای ڕەسەن و تۆزێ لەم هەنگوینەمان بۆ بێنن و بە پێزانینەوە لێتان دەكڕین.
فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە
14ـ 11ـ 2015




