لیوای 16 به ڕێككهوتنەکەی خورماتوو گهشبین نییه

خورماتوو -KDP.info- گوتەبێژی لیوای ١٦ـی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری خورماتوودا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی دوزخورماتوو، ھێزی پێشمەرگە و حەشدیشەعبی دیسان کۆ بوونەوە و ڕێککەوتنێکی دیکە ئیمزا کرا، بەڵام گەشبین نیم ئەو ڕێککەوتنەیش جێبەجێ بکرێت.
گوتەبێژی لیوای ١٦ی ھێزی پێشمەرگە لە سنوری دوزخورماتوو (رێکەوت محەمەد) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دیارە دوێنێ لە دوزخورماتوودا ھێزی پێشمەرگە و حەشدیشەعبی ڕێککەوتنێکیان ئیمزا کرد بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ئاڵۆزیانەی خورماتوو بهێنن، بەڵام ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرا و، ئەمڕۆ دیسان کۆ بوونەوە؛ نوێنەری سەرکۆمار و چەند پەرلەمانتاریش لە کۆبوونەوەکەدا بوون؛ لەوێ بڕیار درا، کە دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و، دیلەکانیش بگۆڕنەوە و، کۆتایی بەو ئاڵۆزیانە بهێنن؛ ئێستا دۆخەکە تا ڕادەیەک ئاسایی بووەتەوە وتەقە نەماوە."
(رێکەوت محەمەد) گوتیشی، دۆخەکە لەدەست دەرچووبوو؛ وا بڕیارە قایمقام دەسەڵاتی پێ بدرێتەوە و دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
گوتیشی، لە٢٠١٠وە دۆخی خورماتوو ئاسایی نییە و، بڕوا ناکەم ئەو رێککەوتنەیش جێبەجێ بکرێت.
(ڕاید فارووق ئەحمەد) بەڕێوەبەری ئاسایشی دوزخورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی سێ ڕۆژە خورماتوو تەقەی لێ نەبراوە و، دۆخەکە زۆر ئاڵۆزە؛ خۆی دووزخورماتوو بووەتە دوو لەتەوە؛ بەشێکی کوردە و، ئەوەی دیکە شیعە؛ ئەمڕۆ دوو کەسی دیکەیش بریندار بوونە."
بڵند ئیبراھیم




