ئازادكردنی شنگال ئازادكردنی مووسڵیشی ئاسان كردووه

مووسڵ -KDP.info- جێگری یه‌كه‌می پارێزگای نه‌ینه‌وا ڕایده‌گه‌یێنێت ئازادكردنی شنگال له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وە هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه بۆ ئازادكردنی مووسڵ؛ دەیشبێ به هه‌موو لایه‌كەوە هه‌وڵی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال بده‌ین.
(عه‌بدولقادر عه‌بدوڵا شنگالی) جێگری یه‌كه‌می پارێزگای نه‌ینه‌وا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند:" سه‌ره‌تا سوپاسێکی تایبه‌تی (سه‌رۆك بارزانی) و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان دەکەین؛ دیارە دوێنێ به پلانێكی ڕێك‌وپێك و سه‌ركه‌وتوانه و، بە زیانێکی زۆر كه‌م شنگالیان به ته‌واوەتی ڕزگار كرد و، تیرۆریستانی داعشیان وەدەر نا؛ داعش شنگالیان کاول کردووە، بۆیه پێویستی به هاوكاری و پاڵپشتیی هه‌موو لایه‌كه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی، چ له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە یاخود حكوومه‌تی ناوه‌ندی."
(عه‌بدولقادر شنگالی) ڕاشیگه‌یاند: "شنگال نابێت وه‌كو كه‌وتنی مووسڵ و ڕومادی و شوێنه‌كانی تر سەیر بکرێت، چونكه له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆرستانی داعش كۆمه‌ڵكوژی كرا به دڕنده‌ترین شێوه، بۆیه پێویستە ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شنگال تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت، به تایبه‌ت حكوومه‌تی ناوه‌ندی ده‌بێت به زووترین كات هه‌وڵ بدات دووباره ژیان بۆ ئه‌و ناوچه‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه و، قه‌ره‌بووی خه‌ڵكه‌كه بكاته‌وه؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ندین شوێنی تر كه له ڕووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به شاروچكه‌ی به‌عاجه له‌گه‌ڵ ئازاد كردنی شنگال ئازاد كراوە."
(شنگالی) گوتیشی: "شنگال شارێكی ستراتیجیک و گه‌وره‌یه و، ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕێگای سووریا و مووسڵ؛ به ئازادكردنی ئەوێ، ڕێگا لەو یارمه‌تیانەی لە ڕەقەوە بۆ داعش دەهات، گیرا. وای ده‌بینم گه‌له‌لێك ئاسان ده‌بێت ئه‌گه‌ر ئۆپراسیۆنێك ده‌ست پێ بكرێت بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ چونكه ئازادكردنی شنگال سه‌ره‌تایه‌كی گرینگه بۆ ڕزگاركردنی شاری مووسڵ."
جێگری یه‌كه‌می پارێزگای نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌شی باس كرد كه: "پێویسته حكوومه‌تی ناوه‌ندییش به ڕۆڵی خۆی هه‌ستێت بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ل سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئەوەی پێشمه‌رگه له ئازادكردنی نه‌ینه‌وادا یارمەتییان بکات."
نه‌شوان به‌رزنجی




