٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد ئه‌مین دەلۆ: دۆخی كوردانی بەغدا باشە و هیچ كوردێك دەستگیر نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەوەی كە لە بەغدا هەڵمەتێك بۆ دەستگیركردنی كوردەكان دەستی پێ كردووە، بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كورستان لە بەغدا ئەو هەواڵەی ڕەت كردەوە و گوتی، لە بەغدا هیچ كوردێك دەستگیر نەكراوە و دۆخەكە ئارامە.

بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كورستان لە بەغدا (محەممەد ئه‌مین دەلۆ)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو دەنگۆیەی بڵاو بووەتە كە گوایە لە بەغدا هەڵمەتی دەستگیركردنی كوردەكان دەستی پێ كردووە، راست نییە و هیچ شتێكی لەو جۆرە نەكراوە و دۆخی بەغدا ئارامە".
لای خۆیشیەوە كارگێڕی رێكخستنی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا (ئیسماعیل سایەمیر)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، قسەكانی بەرپرسی لقی پشتڕاست كردەوە و گوتی، بە هیچ جۆرێك هیچ كوردێك لە بەغدا دەستگیر نەكراوە، تەنیا سێ كورد كە یەكێكیان فەرمانبەری ئێمە و پەرلەمانە دوێنێ ویستوویانە لە رێگای كەلارەوە بگەرێنەوە بۆ بەغدا و لە كاتی گەیشتن لە شارەبان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستگیر كراون و چارەنووسیان دیار نییە".
(سایەمیر) گوتیشی: "شتێك هەیە كە بۆ ئێمە بووەتە كێشە، ئەویش ئەوەیە كە لە بەغدا مامەڵە لەگەڵ پارتیدا ناكەن، چونكە باس لەوە دەكەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەنیازی ئەوەیە لە عێراق دەوڵەتی كوردی دروست بكات، ئەمەیش مافی سرووشتیی هەموو گەلی كوردە كە خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بەڵام لەگەڵ لایەنەكانی دیكە مامەڵەیەكی ئاساییان هەیە".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار