٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تەقە لە بارەگاكانی پارتی و یەكێتی كرا.. رێككەوتنی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی هەڵوەشایەوە

سەرچاوە: KDP.info

خانەقین-KDP.info-  بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین دەڵێت، ماوەیەكە حەشدی شەعبی لە ناوچەكە دەستیان كردووە بە دروستكردنی كێشە، بە تایبەتی بۆ كورد كە لەوانەیە دەستی (مالیكی)ـی تێدا بێت، بۆیە ئەگەر رێگرییان لێ نەكرێت، ئەو ئاڵۆزیانەی دروست بوون، بۆ هەموو ناوچەكەدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بەرپرسی لقی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "حەفتەیەك پێش ئێستا حەشدی شەعبی بە سەرۆكایەتیی (هادی عامری) هاتبوون بۆ خانەقین و بەنیاز بوون بورجێك دابنێن كە بەرزاییەكەی30 مەتر دەبوو و جی پی ئێسی  پێوە بوو، بۆ ئەوەی ڕووماڵی هێزی سەربازی بكات كە ئەمە بۆ كاری سیخوڕی بوو و دەیانویست دایبنێن و وێنەیەكی گەورەی (ئیمام حوسێن)ـیشیان لێ دابوو، بەڵام كورد رێگەی نەدا دایبنێن، سەرەڕای ئەوەی (عامری) هەڕەشەی دەكرد بەزۆر دایدەنێن، بەڵام كورد سوور بوو كە رێگە نادات و ئەگەر بێنە پێشەوە دەبێتە شەڕ، دواتر چوون لە خوار قەرەتەپە گوندێكی سوننەنشینیان بە تەواوەتی ڕووخاند و سووتاندیان بە بیانووی ئەوەی دەستیان لەگەڵ داعشدا هەیە".

(شێخ مستەفا) گوتیشی: "دوای ڕووخاندنی گوندەكەی سه‌ربه‌ قەرەتەپە، چوون بۆ خورماتوو و ئەو كێشەیەیان دروست كرد، دوێنێیش رێككەوتنێكی چەند خاڵی واژۆ كرا، بەڵام شەوی رابردوو جارێكی دیكە تەقە لە بارەگاكانی پارتی و یەكێتی كراوە و رێككەوتنەكە تێك چووە و كێشەكە ئاڵۆز بووە، لە ئێستایشدا هێزێكی دیجلەیش هاتووەتە ناوچەكە و جێگیر كراوە".

بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی زیاتر گوتی: "ئەو رێككەوتنە بە بەشداریی ئێران واژۆ كراوە، بەڵام جێبەجێ ناكرێت، چونكە حەشدی شەعبی هێزێكی رێكخراو نییە و پابەند نابێت بە رێككەوتنەكەوە، بۆیە رەنگە ئەو كێشەیە دەستی (نووری مالیكی) تێدا بێت، چونكە هێزەكان سەر بە ئەون، ئەگەریش رێگری لێ نەكرێت، تەشەنە دەكات و دەگاتە خانەقینیش، بۆیە پێویستە هەتا زووە رێگری لێ بكرێت".

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار