فهرماندهیی ڕۆژئاوای دیجله: ڕێگری له هیچ كهناڵێكی ڕاگهیاندن نهكراوه، تهنیا پابهندی ڕووماڵی شهڕمان كردوون

ههولێر-KDP.info- فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی پێشمەرگەی كوردستان، دەربارەی ئامادهنهبوونی ههندێ كهناڵی ڕاگهیاندن، دهڵێت، چونكه شەڕگەكان ههندێ جار له ڕووی میدیاییهوه ڕێك نهخراون، هەندێ جار زیانی بە پێشمەرگە و پلانەكان گەیاندووە و تەنانەت بووهتە هۆكاری ئهوهی قوربانیی گیانی لێ بكەوێتەوە. ڕهتی دهكاتهوه ڕێگری له هیچ كهناڵێك كرابێ و، ڕوونی دهكاتهوه كه، ئهوهی وهك پێویست ئامادهیی نهبووبێ، پێشتر خۆی له لیستی كهناڵه بهشدارهكاندا نهنووسیوه، تا مهرجهكانی ڕووماڵی شهڕی تێبگهیهنرێ.
دهقی ڕوونكردنەوەیەك لە سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانیی فەرماندەیی میحوەری رۆژئاوای دیجلەی پێشمەرگەی كوردستان، دەربارەی دەنگۆی رێگری لە هەندێ كەناڵی میدیایی:
فەرماندەیی سەربازی بۆ ئاشكرانەبوونی پلانی پێشمەرگە و وادەی دەستپێكی جەنگ و وردەكارییە سەربازییەكانی دیكە و، بۆ ئەوەی مەترسیی لابەلا نەكەوێتە سەر گیانی پێشمەرگە، مافی خۆیەتی هەر رێوشوێنێك بگرێتەبەر. یەك لەوانەش رێكخستی ڕووماڵی میدیایی شەڕگەكانە. شاراوەش نییە هەندێ جار رێكنەخستنی ئەو بوارە زیانی بە پێشمەرگە و پلانەكان گەیاندووە و تەنانەت بووهتە هۆكاری ئهوهی قوربانیی گیانی لێ بكەوێتەوە.
لەو پێودانگەوە فەرماندەییمان بڕیاری دا، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگالدا بواری رووماڵی میدیایی بە جۆرێك كە كاریگەریی خراپ نەكاتە سەر بەڕێوەچوونی سەركەوتووانەی پلانەكە، پێشتر رێك بخرێت و هەموو ئەو كەناڵانەی ناونووس كرد كە خوازیاری رووماڵی ئۆپەراسیۆنەكە بوون و هەماهەنگییان لەگەڵ كرا و لە مەرجە سەربازییەكانیش ئاگادار كرانەوە، لەوانە ئاشكرانەكردنی پێگەكانی پێشمەرگە و باسنەكردنی سەعاتی دەستپێكی جەنگ. لە چوارچێوەی ئەو هەماهەنگییەدا حەڤدە تیمی خۆماڵی و بیستوشەش كەناڵی بیانی بەشداریی رووماڵ بوون و كاری خۆیان بەوپەڕی ئیلتزامەوە كرد و پێشمەرگەش لە لای خۆیەوە سەلامەتیی تیمەكانی پاراست.
سەبارەت بەو كەناڵانەی گوایە رێگرییان لێ كراوە، ئەوانە پێشتر داوایان نەكردووە و هەماهەنگییان نەبووە، بۆیەش نەیانتوانیوە سەركەوتووانە و وەك كەناڵەكانی دیكە رووماڵی ئۆپەراسیۆنەكە بكەن.
ئێمە بۆ هەموو لایەكی دووپات دەكەینەوە كە لە كاتی شەڕدا پاراستنی گیانی پێشمەرگە و پلان و بەرنامە سەربازییەكان لە هەموو شتێكی دیكە بەنرخترە.




