داوا لە هاووڵاتیان دەكرێت دەستكاریی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی شنگال نەكەن

شنگال-KDP.info- نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "زانیاری هەیە كە لە دەوروبەری شنگال چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەن، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان و كوردانی ئێزدی دەكەین دەستكاریی گۆڕە بەكۆمەڵەكان نەكەن تا وەك بەڵگە بێنە بەكارهێنان".
( شێخ شامۆ) نوێنەری ئێزدییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "زانیاریمان هەیە كە لە دەوروبەری شنگال چەند گۆڕێكی بەكۆمەڵ هەن، لەگەڵ ئەوەیشدا زۆربەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەناو كۆمەڵگەكانن، بۆیە ئێمە بە دواداچوون دەكەین و، پێویستە لە كاتی دۆزینەوەی گۆڕێكدا، بە باشترین شێوە هەڵبدرێتەوە".
گوتیشی: "داوا لە هەموو كوردانی ئێزدی دەكەم لە كاتی دۆزینەوەی هەر گۆڕێكی بەكۆمەڵدا، دەستكاریی ئەو گۆڕانە نەكەن، هەتا لە لایەن تیمی تایبەتەوە هەڵبدرێنەوە، بۆ ئەوەی وەك بەڵگە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كەیسی شنگال بەكار بهێنرێن".
(شامۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: "ئەو كارەساتەی لەلایەن تیرۆریستانەوە بەسەر كوردانی ئێزدیدا هاتووە، كارەساتێكی كەموێنەیە، بۆیە دەبێت هەرچی زووە پەلە بكرێت بۆ ناساندنی ئەو كارەساتە وەك جینۆساید".
رابین شێروانی




