٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە، به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ده‌داته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیدا، به‌یاننامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان پێوه‌ست به‌ سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنه‌كه‌ی شنگال ده‌داته‌ به‌ر ڕه‌خنه‌ و، ده‌ڵێت، لە كاتێكدا ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال لەسەر دەستی هێزی قارەمانی پێشمەرگە، خۆشی و شادی بردە ناو ماڵی هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان و بووە هۆی خۆشحاڵی و سەرسامیی تەواوی مرۆڤایەتی، جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە دەركردنی بەیاننامەیەك هەوڵی داوە دەستكەوتێكی نەتەوەیی وا گرانبەها بە پێوەری تەسكی حزبی بپێوێت و، لە ڕۆڵی پێشمەرگە گیانلەسەردەستەكان كەم بكاتەوە. 

 

ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە:

لە كاتێكدا ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال لەسەر دەستی هێزی قارەمانی پێشمەرگە، خۆشی و شادی بردە ناو ماڵی هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان و بووە هۆی خۆشحاڵی و سەرسامیی تەواوی مرۆڤایەتی، جێگەی سەرسووڕمانی ئێمەیە كە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە دەركردنی بەیاننامەیەك هەوڵی داوە دەستكەوتێكی نەتەوەیی وا گرانبەها بە پێوەری تەسكی حزبی بپێوێت و، لە ڕۆڵی پێشمەرگە گیانلەسەردەستەكان كەم بكاتەوە. بەیاننامەكەی مەكتەبی سیاسی دەستێوەردانێكی ئاشكرایە لە كاروباری سەربازی و بەحزبیكردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كە خۆیشیان زۆرجار پێداگیریان لەسەر ئەوە دەكرد كە پێویستە بابەتە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان بەحزبی نەكرێن.

جێگەی داخێكی زۆرە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی لەبری ئەوەی لە چەشنی خەڵكی كوردستان خۆشحاڵ بێت بەو سەركەوتنە و پێزانینی هەبێت بۆ قوربانیدان و ماندووبوونی پێشمەرگە و فەرماندە و سەركردایەتییەكەی، لەبەر ئێرەیی و تەسكبینی حزبی نەیتوانیوە ئاماژە بە سەركردایەتیكردنی ئۆپڕاسیۆنەكە و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی بكات و ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگەی بچووك كردووەتەوە.

هەموو جیهان شاهیدە كە ئەم ئۆپڕاسیۆنە لەسەر دەستی كێ سەركەوتنی بەدەستهێناوە و میدیا جیهانییەكان لە هەموو میحوەر و قۆڵەكانی ئۆپڕاسیۆنەكە ئامادەبوون و سەركەوتنەكانیان تۆمار كردووە و ناتوانرێ بە چەواشەكاری و نەفەسی حزبی نكۆڵی لە بوونی پێشمەرگە و سەركردایەتیكردنی ئۆپڕاسیۆنەكە بكرێت. مێژووی دوور و نزیكی كوردستانیش گەواهی ئەوەیە كە پێشمەرگە هەمیشە ڕۆڵی خەباتكارانەی هەموو لایەنێكی كوردستانی لەبەرچاو بووە و لەكات و شوێنی خۆیدا سوپاسیشی كردوون.

پێمانخۆش بوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی قوربانیدانی پێشمەرگەی بۆ ڕزگاركردنی دەڤەری شنگال لەبەر چاو با. شنگال لەژێر داگیركاریی تیرۆریستان بوو. لەپێناو ڕزگاركردنی شنگال و گەرەنتیكردنی دواڕۆژی شنگال و بۆ ئەوەی شنگال وەك دوورگەیەكی دابڕاو لە كوردستان نەمێنێتەوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان چەندین ئۆپڕاسیۆنی گەورەی ئەنجام دا و هەزاران كیلۆمەتری چوارگۆشەی ئازاد كردووە و سێ ڕێگەی سەرەكیی بۆ شنگال ئازاد كردووە و، دواجاریش لە ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی شنگال شاری شنگالیشی ئازاد كرد.

ئەگەر لایەنێكی تر جگە لە پێشمەرگە ئامادە بوو بۆ ئازادكردنی شنگال، چاوەڕوانی چییان دەكرد؟ بۆچی دوای ئەوەی پێشمەرگە ئۆپڕاسیۆنەكەی بە سەركەوتوویی ئەنجامدا هاتن و بۆ خۆنماییشكردن و بۆ مەبەستی سیاسی و بۆ دزینی سەركەوتنی پێشمەرگە بەڕێ كەوتن و هاتنە ناو شنگال. ئایا ئەو هێزانە ناوچەكانی تری كوردستان بە كوردستان نازانن كە بچن و ڕزگاری بكەن؟  بۆچی تەنیا كەمین بۆ ئەوە دادەنێن پێشمەرگە لە هەر شوێنێك سەركەوتن بەدەست بهێنێ بچن و خۆیان لێ بكەن بە خاوەن؟

هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەركی خۆی لە پاراستنی كوردستان و بەرپەرچدانەوەی دوژمنان بە ڕۆحێكی نیشتیمانپەروەرانە ئەنجام داوە بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیاری ئێمەیە مامەڵەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییە لەگەڵ سەركەوتنەكانی پێشمەرگە كە جگە لە بەحزبیكردن و بچووككردنەوەی پێشمەرگە هیچ مانایەكی تری نییە.

فەرماندەیی پێشمەرگە لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە

13-11-2015

هەواڵی پەیوەندیدار