٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئێمینکی، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی له‌ سەرۆک بارزانی و پێشمەرگە دەکات

سەرچاوە: KDP.info
 
هه‌ولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ئازادکردنه‌وه‌ی شنگاله‌وه‌‌، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی ئاراستەی (سەرۆک بارزانی) و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و هێزە هاوپەیمانەکان دەکات.
 
ده‌قى پەیامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی ئازادکردنی شنگال
 
بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە، پڕ بەدڵ گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی (سەرۆک بارزانی) و تەواوی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەین بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییە مەزنەی بەسەر هێزە تاریکپەرستەکانی داعش تۆماریان کردو لەماوەیەکی کەمدا بەپلانێکی تۆکمەو نەخشە بۆ دارێژراو تەواوی قەزای شنگال و دەوروبەریان لەتیرۆریستانی داعش پاک کردەوە.
 
هاوکات سوپاسی بێ پایانی هێزە هاوپەیمانەکان دەکەین کە پشتیوانی ئاسمانیان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین کرد و لەم داستانەش پاڵپشتێکی گەورەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
بەو هیوایەین ئەم سەرکەوتنە مەزنەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ببێتە هاندەرێکی تر بۆیەکڕیزیی هێز و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان و دەخوازین لەماوەیەکی نزیکدا دەشتی نەینەواو تەواوی خاکی کوردستان و ناوچەکانی تر لەتیرۆستانی داعش پاک بکرێتەوە.
 
هیوادارین ئەم سەرکەوتنە مەزنە تۆزێک لەزامی خوشک و برا ئێزیدیەکانمان کەم بکاتەوە کە داعش هەموو جۆرە کردەوەیەکی هوڤیانەی دژ بە ئێزیدیەکان ئەنجامدا و جینۆسایدی بەرامبەریان کرد، بەڵام ئێزیدیەکان بۆ هەتا هەتایە سەربەرز و سەرفراز و دوژمنانیش ریسوایی هەتاییان بۆ مایەوە.
سڵاو هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی کوردستان..
هیوای چاکبونەوە و سەلامەتی بۆ برینداراكان دەخوازین..
                    
                      جعفر ئیبراهیم ئێمینکی
                جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
                                ١٣/١١/٢٠١٥
 

هەواڵی پەیوەندیدار