٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕەوشی خورماتوو هەر ئاڵۆزە.. شاندێكی ئێران و یەكێتی لە كۆبوونەوەدان

سەرچاوە: KDP.info

خورماتوو-KDP.info-  بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دەڵێ، رەوشی دوزخورماتوو بەرەو گرژیی زیاتر هەنگاوی ناوە و هەر ئەمڕۆ چەكدارانی حەشد ئۆتۆمبێلێكی كوردانیان راگرتووە و هەر لەوێدا چوار كەسیان كووشتووە. گوتیشی، وەفدێكی ئێرانی هاتوون و لە گەڵ وەفدێكی یەكێتی لە كۆبوونەوەدان بۆ چارەكردنی ئەم بابەتە.


(ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رەوشی خورماتوو هەر ئاڵۆزە و خراپتریش بووە. لە پاش شەڕ و پێكدادان و گرژییەكەی دوێنێی نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی، دیاردەیەكی نوێ سەری هەڵدا، ئەویش سووتاندنی هەموو ماڵ و دوكانەكانی كوردەكان بوو لە ناوچەكانی خۆیان لەلایەن توركمانە شیعەكان و حەشدی شەعبییەوە، لە بەرانبەریشدا كوردەكان هەڵسان بە سووتاندنی دووكانەكانی ئەوان لە گەڕەكی پیشەسازی، هەروەها دەنگی تەقەیش بە بەردەوامی دەبیسترێت".


بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی راشیگەیاند: "بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەكانەوە دەستم كەوتوون، لە ئێستادا حەشدی شەعبی لە ناوچەی ئامرلی و دەوروبەری 40 ئۆتۆمبیڵیان كۆ كردوونه‌تەوە بە چەك و تفاقەوە ئامادەن بۆ ئەوەی ئاماژەیان پێ بدرێت و بێنە ناو شاری دوزخورماتووه‌وه‌. هەر ئەمڕۆیش ئۆتۆمبێڵێكی كوردان لە بەغداوە هاتووە و لە بازگەی ئامرلی حەشدی شەعبی چوار كەسی ناو ئۆتۆمبێلەكەیان هێناوەتە خوارەوە و هەر لەوێدا بەبێ هۆ شەهیدیان كردوون."


ئاشكرایشی كرد: "وەفدێكی ئێرانی هاتوون و لە گەڵ وەفدێكی یەكێتیدا لە بارەگای میحوەری لە دێی خدر وەلی لە كۆبوونەوەدان بۆ چارەكردنی ئەم بابەتە".


لە دوێنێ نیوەڕۆوە شەڕ و پێكدان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا بە هۆی رەفتارە نابەجێكانی حەشدی شەعبییەوە لە دوزخورماتوو ڕووی دا و دواتر شەڕەكە خزایە ناو سەنتەری شار و تا ئێستایش بەردەوامە.

سەرباز واحد
 

هەواڵی پەیوەندیدار