هاوسهرهكهی، دەمانچەی شەهید ئەحمەد پێشكەشی ئەو پێشمەرگەیە دەكات كە ئاڵای كوردستانی لەسەر قایمقامیەتی شنگال هەڵكرد

هەولێر-KDP.info- خێزانی شەهید نەقیب (ئەحمەد عوسمان یووسف) دەیەوێت دەمانچەی هاوسەرەكەی پێشكەشی ئەو پێشمەرگەیە بكرێت كە یەكەم كەس بووە ئاڵای كوردستانی لەسەر قایمقامییەتی شنگال هەڵكردووە.
(هیڤا میرخان) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پار شەهید نەقیب (ئەحمەد عوسمان یووسف) لەگەڵ دوو برای دیكەی بەیەكەوە لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی ناوچەی زومماردا شەهید بوون، بابەتی ئەم سێ شەهیدە لە ناوەخۆی وڵات و جیهان دەنگی دایەوە و لەجیهاندا باس لە نەبەردیی ئەم شەهیدانە دەكرا و دایكیان ناو نرا بە (دایكی شەهیدان). دوێنێ سەردانی نووسینگەی سۆرانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و چاوم بە (سەنیحە محیەدین مستەفا) خێزانی شەهید (ئەحمەد عوسمان) كەوت و پێی راگەیاندم كە زۆر پێی خۆشە وەكو پێشمەرگەیەك و خێزانی شەهیدێك بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەكەی ئازادكردنی شنگال كردبا تاكو هاوكار با لە ئازادكردنی شنگال و درێژەی بە رێگای هاوژینەكەی دابا. بەڵام ئەم ئافرەتە لە روی جەستەییەوە بەداخەوە ناساغە و ناتوانێ بەشدار بێ."
(میرخان) رایگەیاند كە: "خێزانی شەهید چەكی هاوژینەكەی پێشان دام و باسی لەوە كرد كە بەنرخترین شتە لە ژیانیدا و ئاوات دەخوازێ رادەستی (سەرۆك بارزانی) بكات بۆ ئەوەی سەرۆك بەو پێشمەرگە قارەمانەی ببەخشێت كە یەكەم كەس بووە لە ئۆپەراسیۆنەكەی دوێنێدا ئاڵای كوردستانی لەسەر بارەگای قایمقامییەتی شنگال هەڵكردووە. ئەم كارەیشی بە واتای بەشداربوونی بوو لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال، تا ببێتە تۆڵەی خوێنی هاوژینە شەهیدەكەی. خێزانی شەهیدەكە جەختی كردەوە كە (سەرۆك بارزانی) ساڕێژكەری برینەكەی بووە، چونكە ئەو لە كاتی شەهیدبوونی هاوژینەكەیدا لە بارێكی دەروونیی زۆر خراپدا بووە، بەڵام كاتێك (سەرۆك بارزانی) سەردانی ماڵەكەیانی كردووە زۆر ئاسودە بوون و تا ئێستایش وا هەست دەكەن شەهیدەكانیان زیندوون و لەگەڵیاندان."
گوتیشی: "منیش بۆئەوەی ئاواتی هاوسەری ئەم شەهیدە بەجێ بێنم، بە ئەركی خۆم هەڵسام و بە هەموو شێوەیەك لە هەوڵ و پەیوەندیدام".
سەرباز واحد




