٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مێدیاكانی جیهان: پێشمه‌رگه‌ خه‌لافه‌تی داعش لەت دەکات

سەرچاوە: KDP.info

به‌ریتانیا-KDP.info-  دیارە لەم بەرەبەیانەی ئەمڕۆوە هێزەکانی هەرێمی کوردستان بە ٧٥٠٠ پێشمەرگەوە شەڕێکی گەورەی بۆ ئازادکردنەوەی شنگال هەڵگیرساندووە؛ میدیا جیهانیەکان بە گەرمی و گەورەییەوە باسی شەڕەکە دەکەن.

لە ڕاپۆرتێکی (ئیندپێندێنت)ـدا هاتووە، پێشمەرگە بە ئومێدێکی گەورەوە شەڕی شنگالی دەست پێکرد، ئەگەر سەر کەوێت ئەوا ناوچەکانی خەلافەتی داعش دەکاتە دوو بەشەوە و له‌تیان ده‌كات.
ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی شنگال ئامانجیەتی شنگال بێنێتەوە ژێر دەستی خۆیان بە بەشێک لەخاک و شەرەفی خۆیانی دەزانن و، مەبەستیانە شادەماری هاوکارییەکانی داعش دابخەن کە لە نێوان ڕەقە و مووسڵدا هەیانە.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی، هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتوونەتە ڕێگای سەرەکیی (٤٧) کە ڕێگای نێوان مووسڵ و ڕەقەیە و هەروەها پێشڕەوییەکی باشیان کردوە لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە بەرەوە ناوەڕاستی شارۆچکەی شنگال.
هەروەها تیمێکی (ئەسۆشێتد‌پرێس) دەڵێت هێرشە ئاسمانیەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن بۆ گرتنەوەی شنگال؛ یەکەیەکی بچووکی ئەمەریکایش بۆ زانیاریدان بە فڕۆکەکان و، پێکانی ئامانجە سەرەکییەکانی هێرشە ئاسمانییەکان لە چیای شنگالدا جێگیر کراون.
بەپێی (ڕۆیتەرز)یش بێت داعش قەناسبەدەستەکانی ڕاکێشاوەتەوە بۆ ناوەڕاستی شار و، گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی چەکدارەکانی داعشیش دەبیسرێت.

لەبارەی ستراتیژیەتی شنگالەوە (کاپتن شانس مەکروو) بەرپرسێکی هەواڵگری لە هێزەکانی هاوپەیمانان بە ڕۆژنامەنوسانی گوتووە، ئەگەر ئەو ڕێگا سەرەکییە بگیرێت ئەو پەکی جووڵەی چەکدارەکانی دەخات، بۆیە ئەگەر بیانەوێت لە ڕەقەوە بێنەوە بۆ مووسڵ ئەوا دەبێت بە بیابان و سەحرادا بێن؛ بەوەش کاتێکی زۆریان دەوێت و، وزە و توانایەکی زۆر سەرف دەکەن و، نایشتوانن خێرا پێدوایستییەکانیان بگەیێنن.

شیاوی باسە، میدیا جیهانیەکان بە گەرموگوڕییەوە چاودێریی ئۆپەراسیۆنەکەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان دەکەن و، ڕۆڵی هەردوو لا بەرز دەنرخێنن.

و/ خالید ئەحمەد
 

هەواڵی پەیوەندیدار