خەڵكی شنگال ئاهەنگى سەركەوتن دەگێڕن

شنگال-KDP.info- قایمقامی شنگال رایگەیاند، خەڵكی شنگال دەستیان بە دەربڕینی خۆشی و ئاهەنگگێڕان كردووە و ئەمڕۆ وەك جەژنێكی نەتەوەیی تەماشا دەكەن، چونكە دەزانن شنگال كلیلی ئازادكردنی ناوچەكانی دیكەیە و هەر كاتێك ئازاد كرا، ناوچەكانی دیكەیش بە ئاسانی ئازاد دەكرێن.
(مەحما خەلیل) قایمقامی شارۆچكەی شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) و بە هێز و بازووی هێزی پێشمەرگە دەستی پێ كردووە و تا ئێستایش بەردەوامە، لەو كاتەوەی شەڕ دەستی پێ كردووە زۆر ناوچەی گرینگ و ستراتیژی لەناو شنگال و دەوروبەری ئازاد كراون، ئازادكردنی شنگال كلیلی ئازادكردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە و، هەر كاتێك شنگال ئازاد كرا، ئازادكردنی ناوچەكانی دیكەیش ئاسان دەبێت".
(خەلیل) گوتیشی: "(سەرۆك بارزانی) لەسەر چیای شنگال رایگەیاند و پەیمانی دایە خەڵكی شنگال كە، دەبێت هەموو ناوچەكانی كوردستان ئازاد بكرێن، بۆیە ئەو ئۆپەراسیۆنەیش هەر بۆ ئازادكردنی خاكی هەرێمی كوردستانە، خەڵكی ناوچەكەیش هەموویان خۆیان نزیك شنگال كردووە و دەستیان بە دەربڕینی خۆشی و ئاهەنگگێڕان كردووە و وەك جەژنێكی نەتەوەیی تەماشای ئەم ڕۆژە دەكەن".
ڕابین شێروانی




