خورماتوو نائارامە و شەڕەكە لە ناوشارە.. چوار حەشدیشەعبی كوژران و هەندێكیش بە بارمتە گیراون

خورماتوو-KDP.info- بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتی رایگەیاند، بە هۆی كاری نابەجێوە، شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و حەشدیشەعبی دروست بوو و، لە ئاكامدا چوار چەكداری شیعە كوژراون و هەندێكیش بە بارمتە گیراون.
(ئەحمەد عەزیز) بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "سەعات 10 و نیوی ئەم بەیانییە، هێزێكی حەشدیشەعبی ویستوویانە لە رێگای سلێمانبەگ - خورماتووەوە بێنە نێو شارۆچكەی دوزەوە، لە بازگەی پشكنینی هێزی پێشمەرگەدا ئەم هێزەی حەشد هەڵسوكەوتی نابەجێیان كردووە و ویستوویانە ئیستیبزازی رەوشەكە بكەن، بۆیە لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبیدا دروست بووە."
پێوەست بە پێكدادانەكانیش، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی خورماتووی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چوار حەشدیشەعبی كوژراون و هەندێكیشیان لێ بە بارمتە گیراون، ئەم شەرە تەشەنەی سەندووە و ئێستا شەڕەكە گەیشتووەتە ناوشارەوە و رەوشەكە زۆر نائارامە، تەقە لە ئاساییشی دوز كراوە و یەكێكیان بریندار كراوە و یەكێكیش شەهید بووە، هەروەها تەقەیش لە ماڵەكانەوە دەكرێت".
دەشڵێت: "هەرئێستا هێزێكی زۆری پێشمەرگە گەییشتوونەتە ناوشار، هەموو لایەكیش لە هەوڵی راگرتن و هێوركردنەوەی شەڕەكەداین."
سەرباز واحد




