٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بی‌بی‌سی: پێشمەرگە شنگال ئازاد دەكاتەوە و سەر دەكەوێت

سەرچاوە: KDP.info

شنگال-KDP.info-  بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی (بی‌بی‌سی)، لە بەرەبەیانیی ئەمڕۆوە هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێكی گەورە بە هاوكاریی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان بۆ ئازادكردنەوەی شنگال كردووە.

ڕاپۆرتەكە ئاماژەی بە گرینگیی پێگەی جیۆگرافیای شنگال داوە و نووسیویەتی، شنگال شارۆچكەیەكی ستراتیژییە و دەكەوێتە سنووری سووریاوە، بە ئازادكردنەوەیشی لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، هێڵێكی ستراتیژی پێكەوەبەستنەوەی ڕەققە و مووسڵی داعش دەپچڕێنرێت..
شەڕەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە بۆ ئازادكردنەوەی شنگال بە تۆپبارانكردنی خەست و هاوییشتنی ڕۆكێتەوە بە پاڵپشتی بۆردوومانی چڕی هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان دەستی پێ كردووە و، هێزەكانی پێشمەرگە لە زەمینیش دەستیان بە پێشڕەویی و جووڵان بۆ وەدەرنانی داعش كردووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەكەی (بی‌بی‌سی)، كورد ئەوەی پێوە دیارە و بە ڕوونی نیشانی داوە كە شنگال ئازاد دەكاتەوە و سەر دەكەوێت، ئەو ئۆپەراسیۆنەیشیان بە ناوی (ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شنگال)ـەوە ناوزەد كردووە.
شیاوی باسە، هەروەك لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی پێ دراوە، نزیكەی (٧ هەزار و ٥٠٠) پێشمەرگە بەشداریی شەڕەكە دەكەن، كورد چاوەڕێی ئەو سەركەوتنە دەكەن ئەگەرچی قورسیش بێت. تیرۆریستانی داعش نەریتیان وایە ناوچەكانیان بە بۆمب دەچێنن و ئەوەیش مەترسیی گەورە و قورس لە بەردەم پێشڕەویدا دروست دەكات.
شنگال یەكێك بوو لەو شارۆچكانەی كە لە مانگی ئابی پاردا كەوتە ژێر دەستی داعش و، بە شێوەیەكی سەرەكییش دانیشتووانەكەی ئێزدییەكانن.
و/ خالید ئەحمەد

هەواڵی پەیوەندیدار