پێشمەرگە چەندان هێرشی خۆکوژیی داعشی پووچەڵ کردووەتەوە

شنگال-KDP.info- لەو هێرشە بەرفراوانەی کە لە سێ قۆڵەوە و بە سەرپەرشتیی فەرماندەی گشتیی هیزە چەکدارەکان(سەرۆک بارزانی) بۆ ئازادکردنی شنگال و دەوروبەری بەرپا کراوە، پێشڕەویی پێشمەرگە بەردەوامە و، داعشیش کوژراوی زۆری هەیە.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە بەرەجەنگی شنگال، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیمۆکراتی کوردستان ڕاگەیاند، تا سەرکەوتنی یەکجارەکی بەسەر تیرۆریستانی داعشدا، پێشمەرگە وچان نادا، هەڵبەتە لەم هێرشە فراوانەی ئەمرۆی هێزە قارەمانەکانی پێشمەرگەیش، پێشڕەویی بەرچاو هەیە، زیانی زۆر و گورچکبڕ لە تیرۆریستان دراوە؛ هەوڵی زۆری ئەوان بۆ کردەی خۆکوژی و ئۆتۆمبێلە مینڕێژکراوەکانیان سەرجەمیان پووچەڵ کراونەتەوە.
ڕایشیگەیاند، لە هەرسێ بەرەجەنگی دژ بە تیرۆریستان، پێشووەچوون هەیە و، تا ئێستایش ڕێگای ستراتیژیی نێوان شنگال سووریا و چەند گوندێک ئازاد کراون.
وەک سەرچاوەکە باسی کرد، چونکە هێشتا شەڕ و پێکدادان بەردەوامە، نەزانراوە کە ئەو گورزەی لە ماوەی بەرەوڕووبوونەوەکاندا لە دوژمن وەشێندراوە لە چ ئاستێکدایە، بەڵام، چەندان ئۆتۆمبێلی مینڕێکراویان تێکشکێندراون کە ویستوویانە بەرەو ڕووی پێشمەرگە بێن. لە راستیدا داعش لە بەرانبەر ئەم هێرشەی هێزەی پێشمەرگەدا شەری ڕووبەڕووی پێ ناکرێ و، بەپێی زانیارییەکان ورەیان دابەزیوە و، زۆرێکیان کە پێشتر لە ناوچەکە بوون، ڕایانکردووە.




