ئێزدی، سوپاسی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە دەكەن

هەولێر-KDP.info- دوای ئەوەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی شنگال دەستی پێ كرد و چەندین ناوچەی گرینگ و ستراتیژی لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش رزگار كران، كوردانی ئێزدی لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن بۆ ئازادكردنی شارەكە و سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەكەن.
(حەیدەر شامۆ) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "سوپاسی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە دەكەین كە ئێستا لە پێشڕەویدان بۆ ئازادكردنی شنگال، هیوادارین هەرچی زووە شنگال ئازاد بكرێت، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".
(قاسم مشكۆ) كە كوردێكی دیكەی ئێزدییە رایگەیاند، (سەرۆك بارزانی) شەو و رۆژی كردووەتە یەك بۆ ئازادكردنی شارە، پەنا بە خوا و بە پشتیوانیی (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە شنگال لە ماوەیەكی زوودا ئازاد دەكرێت.
(لەزگین هالۆ)ـیش گوتی: "ئێمە بەردەوام نزا بۆ (سەرۆك بارزانی) و هێزی پێشمەرگە دەكەین، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی شارەكەمان رزگار بكەن، من لەو باوەڕەدا بووم ئەگەر لەبەر پەكەكە نەبووایە ئێستا زۆر لە مێژ بوو شنگال و ناوچەكانی دیكە ئازاد دەكران، بەڵام ئەوان بەردەوام كێشە دەنێنەوە و لێناگەڕێن ئێمە بە خۆشی بژین".
گوتیشی: "هیوادارم هەرچی زووە مزگێنیی ئازادكردنی شنگال بگاتە ئێمە، بۆ ئەوەی بە زوویی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان".
ڕابین شێروانی




