تەنیا هێزی پێشمەرگە شەڕی ئازادكردنی شنگال دەكات

شنگال-KDP.info- فەرماندەیەكی پێشمەرگە لەناو شەڕەكەی شنگالەوە رایگەیاند، جگە لە هێزی پێشمەرگە هیچ هێزێكی دیكە لەناو شنگالدا شەڕی تیرۆریستان ناكات، لەسەر فەرمانی (سەرۆك بارزانی)ـیش دەبێت هەرچی زووە شنگال ئازاد بكرێت.
(قاسم سمێر) فەرماندەی پێشمەرگە لەناو شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان راگەیاند: "ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەناو شنگال لە شەڕێكی سەختداین لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، بەڵام لەبەر بەهێزیی پێشمەرگە ئەوان ناتوانن خۆیان ڕابگرن و لە پاشەكشەدان، تەنیا چەند تیرۆریستێك لەناو شنگال ماون، پێشمەرگە ئەوانیش لەناو دەبەن".
(سمێر) گوتیشی: "جگە لە هێزی پێشمەرگە، هیچ هێزێكی دیكە لەناو شنگال شەڕ ناكات، هەماهەنگییەكی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگەدا هەیە، ئێمەیش ڕێگە نادەین هیچ هێزێكی دیكە جگە لە پێشمەرگە بێتە ناو شنگالەوە".
(قاسم سمێر) لە حەی نەسرەوە، كە یەكێكە لە گەڕەكەكانی شنگال، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی ئاماژەی دا: "ئێمە ئێستا لە پێشڕەویداین و بەردەوامیش فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بۆردوومانی تیرۆریستانی داعش دەكەن و لێناگەڕێین یەك تیرۆرست رزگاری بێت".
ئەو فەرماندەی پێشمەرگە دەشڵێت، بە بڕیاری (سەرۆك بارزانی)، لە زووترین كاتدا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە شنگال ئازاد دەكرێت.




