لە شنگال پێشمەرگە لە پێشرەویدایە

شنگال-KDP.info- (قاسم شەشۆ) دەڵێ، ئەم بەرەبەیانییە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شنگال دەستی پێكردووە و، ناوچەی گابارا ئازاد كراوە و هێزی پێشمەرگە ئێستا بەرەو ناوچەی گۆلات و حاجی فازڵ لە پێشرەویدان.
(قاسم شەشۆ) فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە ناو ئۆپەراسیۆنەكەی شنگالەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی ئەم بەرەبەیانییە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی شنگال لە چەند میحوەرێكی ناوچەكەوە دەستی پێكردووە و، ناوچەی گابارا ئازاد كراوە وچەند شوێنێكیش گەمارۆ دراون."
(شەشۆ) راشیگەیاند: "هێزی پێشمەرگە ئێستا بەرەو ناوچەی گۆلات و حاجی فازڵ لە پێشرەویدان؛ هەڵبەتە سەرەتا تیرۆریستان بە قەنناس و خۆكوژ رووبەڕووی هێزی پێشمەرگە بوونەوە، بەڵام هەرزۆر زوو تێكشكێندران. تا ئێوارە بە هەوڵ و هیمەتی هەمووان سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە رادەگەیەنین."
هاوکات فەرماندەیەکی دیکەی هێزەکانی پێشمەرگە لە شنگال(قاسم سمێر)، پێیڕاگەیاندین، پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە بەردەامە و بە ورەیەکی گەلێک بەرزەوە هەڵمەتی بەرپا کردوو، لە بەرانبەردا تیرۆریستانی داعش ورەیان بەرداوە.
گوتیشی، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییش، پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانن و، مۆڵگەی دوژمن دەکەنە ئامانج.
سەرباز واحد- بڵند ئیبراهیم




