پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی 12 تۆمەتباری ڕاگەیاند
__2015_11_11_h16m5s7__LB.jpg)
ههولێر-KDP.info- بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی 12 تۆمەتباری ڕاگەیاند كە لە هەولێر و دەوروبەری تاوانی زۆریان کردووە.
لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، سەعات (١١)ی ئەم پێشنیوەڕۆیە چوارشەممە ٢٠١٥/١١/١١، لە پرێسكۆنفرانسێكدا بە ئامادەبوونی چەندین كەناڵی ڕاگەیاندن، وردەكاریی ئەنجامدانی چەند تاوانێكی بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن خستە ڕوو.
لیوا (عەبدولخالق) ڕایگەیاند، (١٢) تاوانبارمان گرتووە، (٦) تاوانی جۆراوجۆریان کردووە.
گوتیشی: "دیارە ڕۆژی (٢٠١٥/٨/٢٥)، پێشمەرگەیەكی زێرەڤانی ون بوو، لە (٢٠١٥/٨/٣٠)، پۆلیسی شاوێس زۆر بە وردی کەوتنە لێکۆڵینەوە و، لە ئاكامدا تاوانباران دەستگیر كران كە یەكیان هاوسەری پێشمەرگەكە بووە كە لەگەڵ مێردە كۆنەكەی، پێشمەرگە زێرەڤانییەكەیان خنكاندووە و لە سنووری ئاكرێ تەرمەكەیان فڕێ داوە، ئێستایش بەپێی مادە (٤٠٦) لە یاسای سزادان بەند كراون."
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاماژەیشی دا: "(ا.ع.ا)، کاسبێکی (١٩) ساڵان، (ش.ب.ع)، کاسبێکی (٢٨) ساڵان و، (ز.ر.خ) پۆلیسێکی (٢٨) ساڵان، هەرسێانەکەیان پێکەوە قاسەیان لە عەنكاوە دزیبوو؛ پاش لێكۆڵینەوە، بەپێی ماددەی (٤٤٦) زیندانی كران."
ڕوونیشی كردەوە، تۆمەتبار (ك.ع.پ)، تەمەن (٣١) ساڵان (٣) ئۆتۆمبێلی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر دزیبوو و، پاشان بە گوێرەی ماددە (٤٤٢) لە یاسای سزادان بەند كرا. هەروەها تۆمەتبار (ف.ع.ع)، تەمەن (١٥) ساڵان کە خەڵکی سووریایە و، (ع.ع.ب)، ئەویش (١٥) ساڵانە و خەڵکی سووریا و، (م.ع.ر)، (١٦) ساڵان و خەڵکی سووریا، ماتۆرێك و بڕی دووسەدهەزار دیناری عێراقییان لە شارۆچكەی كەسنەزان دزیبوو، ئێستایش هەرسێ تۆمەتبار بەپێی ماددە (٤٤٦) لە یاسای سزادان بەندن.
بە گوتەی (عەبدولخالق تەلعەت)، تۆمەتبارێكی دیكە بە ناوی (م.م.س)، تەمەن (٢١) ساڵ، پیشە كاسب، لە شاری هەولێردا (١٥) جار پارە و مۆبایلی دزیبوو، بەپێی ماددە (٤٤٦) بەند كرا.
دەشڵێت تۆمەتبار (ك.م.ر)، تەمەن (٢١) ساڵان، پیشە كاسب و، (ش.ح.ح)، تەمەن (٢٨) ساڵان، پیشە كاسب، پارە و ماتۆڕ و پاكێتیان لێرەولەوێ دەدزی، بەپێی ماددە (٤٤٣) لە یاسای سزادان هەردووکیان زیندانی كراون.




