٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھەینیی دابێ، تەرمی دوو کۆچبەری دیکە دەگەڕێندرێنەوە سلێمانی

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەرپرسی فدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٢٧ھەزار کەس کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەورووپا و لەو رێژەیەیش زیاتر لە ٧٥کەس بوونەتە قوربانی، ١٢تەرمیان گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان و بڕیارە رۆژی ھەینی دوو تەرمی دیکە بگەڕێندرێنەوە بۆ سلێمانی.

بەرپرسی فدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە ھەرێمی کوردستان(ئامانج عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: کۆچکردن لە ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی ئەورووپا بەردەوامە و، رۆژ بە رۆژ ژمارەکە لە زیادبووندایە، تاوەکو ئێستایش زیاتر لە ٢٧ھەزار کەس لە رێگای جیاجیاوە کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەورووپا، بەتایبەت وڵاتی تورکیا و یۆنان.
(ئامانج عەبدوڵڵا) گوتیشی، سەرەڕای ئەوەی ئەو رێگایانەی بۆ کۆچکردن دەگیرێنەبەر زۆر سەختن، بەڵام بە ھاتنی وەرزی سەرما زیاتر سەخت بوونە و، مەترسیی زیاتر ھەیە بۆ سەر ژیانی کۆچبەران.
بەرپرسی فدراسیۆنی پەنابەرانی سەرتاسەری عێراق لە ھەرێمی کوردستان گوتیشی، تاوەکو ئێستا لەو رێگایانەوە زیاتر لە ٧٥کەس بوونەتە قوربانی و لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تەرمی ١٢ لەوانە گەڕێندراونەتەوە ھەرێمی کوردستان، کە لە وڵاتی نەمسا لەناوکامیۆنێکدا خنکابوون.
(ئامانج عەبدوڵڵا) ڕوونیشی کردەوە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو لە وڵاتی یۆنان لە ئاوی ئیجەدا دوو خێزانی دیکەی کورد خنکاون، خێزانێکیان پێنج کەس بوونە و خەڵکی سلێمانین، تەنھا منداڵێکیان رزگار بووە و، خێزانەکەی دیکەیش سێ کەس بوونە و خەڵکی پارێزگای کەرکووک بوونە.
ئەوەشی گوت، بڕیارە رۆژی ھەینی تەرمی دوو لەو قوربانیانەی خێزانەکەی سلێمانی دایکێک و منداڵێکن، بگەڕێندرێنەوە بۆ شاری سلێمانی و دوو تەرمەکەی دیکە منداڵ و باوک تاوەکو ئێستا نەدۆزراونەتەوە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار