لە پرسی نەوتدا، پەرلەمانتارێک بە ئەگەری ڕێککەوتنەوەی ھەرێم و بەغدا گەشبین نییە

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی سەربەخۆ بەردەوام بێت باشترە، چونکە بەغدا پابەند نابێت بە رێککەوتنەکانەوە، چونکە توانای ئەوەی نییە بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان(د.ئەردەلان نورەدینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتییی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "تا دەکرێ، ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی بە شێوەی سەربەخۆ بفرۆشێت باشترە لەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بەغدا و نەوتی خۆی ڕادەستی کۆمپانیایی سۆمۆ بکات، چونکە ھەمان ڕێککەوتنی ئەمساڵ لەناو بودجە ھەیە و، ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەھاتووە، بەڵام بە مەرجێک حکوومەتی ھەرێم پەیوەندی لەگەڵ بەغدا نەپچرێنێت، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی١٧%ـی بەشەبودجەی ھەرێم ھەندێک مافی دیکەی ھەرێم لای بەغدا ھەیە وەکو دەواو و دەرمان و خۆراکی مانگانە و ھەندێک شتی دیکە.
(د.ئەردەلان نورەدینی) گوتیشی، ھەرێمی کوردستان ئەگەر بگەڕێتەوە بەغدایش و نەوتەکەیشی ڕادەستی سۆمۆ بکات و، مانگانە٥٥٠ھەزار بەرمیلیش ھەناردەی دەرەوە بکات، بەغدا دیسان پابەند نابێت بە رێککەوتنەکەوە، چونکە توانای ئەوەی نییە مانگانە ترلیۆنێک و٢٠٠ملیار دینار بداتە ھەرێمی کوردستان و، ئەگەر بیشیدات ڕەنگە وەکو ئەمساڵ مانگانە ٣٠٠ بۆ٤٠٠ملیار دینار بدات، بۆیە فرۆشتنی نەوت بە شێوەی ئێستا زۆر باشترە بۆ ھەرێمی کوردستان.
(نورەدینی) ڕوونیشی کردەوە، ھەرێمی کوردستان ئەگەر بەوشێوەی ئێستایش لە فرۆشتنی نەوتی خۆی بەردەوام بێت بەغدا کێشەی بۆ دروست ناکات، چونکە ناتوانێ مافە داراییەکانی بۆ دابین بکات، بۆیە رێگری لێناکات.
بڵند ئیبراھیم




