٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گەر داهاتی نه‌وتی كه‌ركووك نه‌چێته‌وه‌ به‌غدا، ‌بوودجه‌ و مووچه‌ی كه‌ركووكیش ده‌بڕن"

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info-  جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێ، نەوتی کەرکووک داھاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و، یەک دیناری بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، ئاخر ئەگەر داھاتەکە نەگەڕێتەوە بەغدا بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کەرکوکیشمان لێ دەبڕن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "عەلی حەمەساڵح تووشی ھیستریا بووە، چونکە بەردەوام خەریکی درۆکردنە و، دەبێ زوو بخەینە درۆوە؛ ئەوەتا ئەم جارەیش درۆیەکی هەڵبەستووە بەشکەم لە کەرکووکدا دەنگێک بۆ حزبەکەیان کۆ بکاتەوە."

(دڵشاد شەعبان) گوتیشی، ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەمڕۆ نەوتی کەرکووک بە شێوەی سەربەخۆ بۆ خۆی بفرۆشێت و، داھاتەکەی نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، ڕۆژێک نابا، بەغدا بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی کەرکووک دەبڕێت، ئەمەش بەڵگەیە کە قسەکانی ھیچ بنەمایەکی نییە؛ بۆیە لەبەر ئەوە ناچارین داهاتی نەوتی کەرکووک بنێرینەوە بۆ بەغدا، جا چ پێویست ناکات مزایەدە بەسەر خەڵکی کەرکووکەوە بکەن.

جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، کەرکووک خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات نەوت بە شێوەی سەربەخۆ بفرۆشن یاخود بەو شێوەی ئێستا بەردەوام بن، بۆیە پێویست ناکات کەس مزایەدە بە خەڵکی کەرکووکەوە بکەن بۆ مەرامی حزبی.

(دڵشاد شەعبان) ڕاشیگەیاند، بۆری نەوتی ھەرێمی کوردستان توانای ھەناردەکردنی ٧٠٠ھەزار بەرمیل نەوتی ھەیە لە ڕۆژێکدا کە ٥٥٠ھەزاری بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستانە و١٥٠ھەزاریشی نەوتی کەرکووکە.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار