خوێندنەوەی یەكەم بۆ بوودجەی 2016ـی عێراق و سێ پڕۆژەیاسای دیكە دەكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و خوێندنەوەی یەكەمیش بۆ بوودجەی 2016ـی عێراق و سێ پڕۆژەیاسای دیكە دەكرێت، هەروەها سێ پڕۆژەیاسایش دەخرێنە دەنگدانەوە.
ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (د. ئەشواق جاف)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە دانیشتنی ژمارە (35)ــی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوە دەچێت و سەرەتا سێ پڕۆژەیاسا دەخرێنە دەنگدانەوە، لەوانە پڕۆژەیاسای مافی ئازادیی دەربڕین و كۆبوونەوە و خۆپێشاندانی ئاشتیانە، دواتریش پڕۆژەیاسای رێكخراوی شەهیدان و هەروەها پڕۆژەیاسای ناسنامەی دەریاوانەكان".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "چوار پڕۆژەیاسا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ دەكرێت، گرینگترینیان پڕۆژەیاسای بوودجەی 2016ـیی عێراقی فیدراڵە كە خوێندنەوەی یەكەمی لە پەرلەمان بۆ دەكرێت و دواتریش ڕەوانەی لیژنەی دارایی دەكرێت، چونكە لیژنەی پەیوەندیدارە بەم بابەتە".
(جاف) زیاتر گوتی: "خوێندنەوەی دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای پەسەندكردنی رێككەوتنی عەرەبی بۆ رێكخستن و گواستنەوەی هاووڵاتیان لەسەر شەقامی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئەوانی دیكە، دەكرێت".
نەشوان بەرزنجی




