حكوومەتی عێراق، خشتەی نوێی مووچەی پەسەند كرد.. سلێڤانەیی: بڕوا ناكەم جێبەجێ بكرێت

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، حكوومەتی عێراق بە بێ گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران خشتەی نوێی مووچەی دەركردووە، چونكە پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەران خۆی ئەو دەسەڵاتەی پێ داوە، بۆ ئەوەی چاكسازی بكات.
(سەرحان سلێڤانەیی) ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خشتەی نوێی مووچەی فەرمانبەران كە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پەسەند كراوە، تاوەكو ئێستا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران رەوانە نەكراوە و بڕوایش ناكەم رەوانە بكرێت، چونكە بە بێ گەرانەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند كراوە و پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەران خۆی ئەو دەسەڵاتەی بە ئەنجوومەنی وەزیران داوە".
(سلێڤانەیی) گوتیشی: "كەمكردنەوە و زیادكردنی مووچە پێویستی بەوە هەیە بەیاسا رێك بخرێت، بەڵام بۆ ئەوەی پرۆسەی چاكسازی لە عێراق سەركەوتن بە دەست بێنێت و داواكاریی خەڵك جێبەجێ بكرێت، بۆیەیش ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو دەسەڵاتەی بە حكوومەت داوە، بەڵام لە كۆبونەوەكانی رابردوودا ئەو دەسەڵاتەی لە سەرۆكی حكوومەت وەرگرتەوە، بۆیە پێویستە لەمەودوا هەر پڕۆژەیەك پەیوەندی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هەبێت، ناكرێت بە بێ پرسی ئەو تێپەڕێندرێت".
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەشڵێت، بڕوا ناكەم ئەو خشتەیە جێبەجێ بكرێت، چونكە ناڕەزایەتییەكی زۆری لێ دروست بووە و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پێی رازی نییە، چونكە ناكرێت مووچەی فەرمانبەران كەم بكرێتەوە و قبووڵیشی ناكەن، نایشكرێت كە فەرمانبەرێك چەندین ساڵ خوێندوویەتی و بڕوانامەی بە دەست هێناوە مووچەكەی وەكو فەرمانبەرێك بێت كە هیچ نەیخوێندووە و ماندوویش نەبووە، ئەمە ناكاتە دادپەروەری".
حكوومەتی عێراق، خشتەی نوێی مووچەی لە ماوەی رابردوودا پەسەند كرد كە بەپێی ئەو خشتەیە مووچەی فەرمانبەران كە لە ملیۆنێك دینار زیاترە، كەم دەكرێتەوە و دەخرێتە سەر مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە مووچەیان كەمە، ئەمەیش بۆ ئەوەی دادپەروەری لە مووچەدا هەبێت.
بڵند ئیبراهیم




