٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بوودجە پەسەند بكرێ یان نا، مانگی 12 ئەنجوومەنی نوێنەران پشوو ده‌دات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لە مانگی كانوونی یەكەمدا پشووی یاسادانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ دەكات و تەنیا مانگێك لە بەردەستە بۆ ئەوەی بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراق لە پەرلەمان بێتە پەسندكردن.

(نەدا مێرگەسووری) بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "پشووی یاسادانانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەم خولەدا بڕیار بوو مانگی 11 واتە تشرینی دووەم دەستی پێ بكردایە، بەڵام لەبەر گەییشتنی بوودجەی گشتیی 2016ـی عێراق بۆ پەرلەمان، ئەو ماوەیە مانگێكی دیكە درێژ كرایەوە، بۆیە تەنیا ئەو مانگەمان لە بەردەستدایە تا بتوانین بوودجە تەواو بكەین لە ئەنجوومەنی نوێنەران، چونكە ئەگەر تەواو نەكرێت، پێویستی بە دانیشتنی نائاسایی دەبێت لە كاتی گەییشتن بە دەنگدان هەر وەك لە بوودجەی پارساڵدا رووی دا و گەییشتە مانگی یەك لە هەمان مانگی 11ـدا بوودجە گەییشت و ماوەكەمان درێژ كردەوە بۆ كۆتاییهێنان بە دەنگدان لەسەر بوودجە".

بڕیاردەری فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "بوودجەی ئەمساڵ شتی وەهای تێدا نییە كە كێشە دروست بكات، تەنیا پێویستە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكوومەتی عێراق گفتوگۆ جیددییەكان بكەن، چونكە ئەو رێككەوتنەی لە بوودجەی 2015ـدا كرا، دیسان لە بوودجەی 2016ـی عێراقدا جێگیر كراوە جا هەر گۆڕانكارییەك لە هەر شتێكدا بكرێت، پێویستی بە دانوستان و گفتوگۆیە ئەگەر نا وەكو خۆی جێگیر كراوە لە بوودجەی ساڵی داهاتووی عێراقدا".

رۆژی 18ـی تشرینی یەكەمی 2015، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتتنێكی نائاساییدا پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2016ـی پەسەند كرد، لە هەفتەی رابردوویشدا گەییشتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق. بەپێی پڕۆژەیاساكە، بوودجەی عێراق  106 ترلیۆن دینارە، كورتهێنانیش تێیدا 23 ترلیۆن دینارە.

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار