٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

موئەییەد تەییب :هەندێک لایەن مزایەدەی سیاسی بە 'سوڵتان هاشم'ـەوە دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info- گوتەبێژی پێشووی  فراکسیۆنی کوردستانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسی، مزایەدەی سیاسی بە (سوڵتان هاشم)ه‌وه‌ دەکەن، بەڵام ئێمە هەموو کات تەئکیدمان لەوە کردووەتەوە ئەوانەی دەستیان بە خوێنی کورد و عێراقییەکان سوور بووە، دەبێت بە سزای خۆیان بگەن.

(موئەییەد تەییب) ئەندام و گوتەبێژی پێشووی فراکسیۆنی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گوتی: "هەندێک لایەن مزایەدەی سیاسی بە (سوڵتان هاشم)ـەوە دەکەن، کە باس لەوە دەکەن پارتی دیموکراتی کوردستان بەرگری لەوانە دەکات و، دەیەوێت لە زیندان بەر دات، ئاشکرایە کە (سوڵتان هاشم)، یەکێک لە فەرماندەکانی ئۆپەڕاسیۆنی ئەنفاڵ بووە، جگە لەوەیش لە دادگا کە دادگا کرا، بە دەمی خۆ ڕایگەیاند کە شانازی دەکەم من سەرکردایەتیی ئۆپەراسیۆنی ئەنفالم کردووە، ئەگەر دیسان داوام لێ بکرێت دووبارەی دەکەمەوە، هەر لەبەر ئەمەیش هەر هەوڵێک بۆ ئازادکردنی سوڵتان هاشم، سووکایەتیکردنە بە گیانی سەدان‌هەزار شەهیدی کورد، ئەویش باشترین وەڵامە بۆ ئەوانەی باس لەو کەسە دەکەن و مزایەدەی سیاسیی پێوە دەکەن."

گوتیشی: "خولی پێشوو، ئێمە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووین، ئێمە هەموو کاتێک تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوانەی دەستیان بە خوێنی کورد و عێراقییەکان سوور بووە، دەبێت بە سزای خۆیان بگەن، کە ئەوە سیاسەتی کوتلەی ئێمە بوو لە بەغدا."

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار